کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵگرتنەوەی خیز لە چۆمی گادەر خەڵکی شنۆ و نەغەدەی نیگەران کردووە

15:36 - 27 خەزەڵوەر 2715

کوردستان میدیا: کارخانەکانی خیز لە شاری شنۆ و نەغەدە ماوەی چەند ساڵە بە شێوەیەکی بەرین و بێ‌سنوور خیز لە چۆمی گادەر هەڵدەگرنەوە کە ئەوەش ناڕەزایەتیی خەڵکی ئەو دوو شارە، بە تایبەت وەرزێرانی لێ‏کەوتووەتەوە.

بەپێی هەواڵە بلاوکراوەکان، بە هۆی خیز هەڵگرتنی بێ‌سنوور و لەڕادەبەدەری کارخانەکانی خیز لە چۆمی گادەر، زیانی جیددی بەو چۆمە گەیشتووە و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەیکە ئاستی ئاو لە ڕادەی ستانداردی خۆی لە بەستێنی چۆم بێتە خوارەوەتر و چاڵاوەکان وشک بن کە ئەوەش زیانێکی قەرەبوو نەکراو بە کشت وکاڵی ئەو دوو شارە دەگەیێنێت.

ئەو کێشەیە لە کاتێکدایە کە خەڵکی ئەو دوو شارە چەندین جار ناڕەزایەتییان بەو کارەی کارخانەکانی خیز دەربڕیوە، بەڵام بەرپرسانی پێوەندیدار و ئیدارەکانی وەک آبخیزداری و مراتع هیچ وەڵامێکیان بەو داخوازییەی خەڵک نەداوەتەوە.
بە هۆی ئەوەیکە خیزێکی زۆر و زیاتر لە دەفرایەتی ئەو چۆمە هەڵگیراوە، کانی و هەندێک سەرچاوە ئاوییەکان وشک بوونە و ئەگەر ئەو ڕەوتەش درێژەی هەبێت قەیرانی ژینگەیی قەرەبوونەکراوی بەداوە دەبێت.

هەروەها ئەو کارخانانەی خیز، بە هۆی دروست کردنی تۆز و خوڵ و هەڵڕشتنی پاشماوەکانیان، زیان بە زەوی‌ و زارەکانی ئەو ناوچەیە دەگەیەنن.

هەروەها پەککەوتوویی و ڕزیویی ماشێنە بارهەڵگرەکانی ئەو کارخانانە، بوونەتە هۆکاری گەلێک ڕووداوی هاتوچۆ لەو ڕێگاوبانانەدا.

کارناسێکی ‌ژینگە لەو پەیوەندییەدا ڕایگەیاندووە کە ئەگەر ڕەوتی هەڵگرتنی خیز لە چۆمی گادەر درێژەی هەبێت، هەتا ٣ ساڵی داهاتوو ئەو چۆمە دەفرایەتی بەرهەمی خیزی نابێت.

ئەو کێشانە لە کاتێکدایە کە چەند ڕۆژ لەمەوبەر خەڵک ناڕەزایەتییان بە نیسبەت کارخانەکانی سەر ئەو چۆمە دربڕیوە، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیم بەجێگای بینینەوەی ڕێگا چارەیەکی گونجاو، ئیزنی هەڵگرتنی زیاتری خیزیان بە بەرپرسانی ئەو کارخانانە داوە.