کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵۆکانی زاگرۆس هێرشان کردە سەر بنکەیەکی بڵاوکردنەوەی مادە سڕکەرەکان

22:10 - 18 رێبەندان 2721

"هەڵۆکانی زاگرۆس" لە ناوچەی میاندووئاو هێرشیان کرده سەر بنکەیەکی بڵاوکردنەوەی مادە سڕکەرەکان.

 وێبلاگی "هەڵۆکانی زاگرۆس" لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویان کردووەتەوە بنکەیەکی سیخوڕی و خۆفرۆشی، کە وێڕای ئەوەش ببووە ناوەندێکی بڵاوکردنەوەو فرۆشی مادە سڕکەرەکان لەناوچەی میاندووئاو، هەڵکەوتوو لە سێڕای شیناوا-گامێشگۆلی، کەوتووەتە بەر هێرشی پۆلێک لە هەڵۆکانی زاگرۆس.

لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە، "سەردار کەریمی" نیشتەجێی شیناوا ماوەیەکی درێژە بووەتە مۆرەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە ناوچەکە و لەگەڵ ئەوەیکە چەکدار کراوە، بەرپرسیار کراوە لە سیخوڕی بەسەر خەڵکی ناوچەکەدا و ئەرکدار کراوە کە ئەوەندەی بۆی دەکرێ هەوڵی بڵاوکردنەوەی ماددەی سڕکەر و هاندەری گەندەڵیی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی بێت. 

وێبلاگی "هەڵۆکانی زاگرۆس" بڵاویان کردووەتەوە سەرەڕای ئاگادار کردنەوە و داوای دەستهەڵگرتن لەو کردەوە دزێوانە، ناوبراو سوور بوو لە درێژەدانی کردەوەکانی، هەر بۆیە شەوی پێنجشەممە دەستەیەک لە هەڵۆکانی ئاڵەشین بڕیاریان دا وەک دوایین ئاگادارکردنەوە شوێنەکەی گوللەباران بکەن. 

لەو هێرشەدا زیانێکی ماڵیی زۆر ئاکامی گوللەبارانەکە بووه.

"هەڵۆکانی زاگرۆس" جەختیان کردووەتەوه دڵنیایان دەکەینەوە لە ئەگەری بەردەوام بووندا سزای تاوان  لە ئاستی خۆی دادەبێ.