کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵەی پزیشکی لە کوردستان و ئێران بەرەو زیادبوون چووە

11:54 - 26 رەشەمه 2721

"سەلیم خانی" بەڕێوەبەری گشتیی پزیشکی یاسایی پارێزگای کرماشان وتوویەتی، لە ماوەی یازدە مانگی ڕابردوودا ٤٤ هەڵەی پزیشکی ڕووی داوە کە لەو ڕێژەیە ٢٣ حاڵەتیان تاوانبار ناسێندراون و حوکمیان بۆ دەرکراوە.

بە وتەی ناوبراو لە کۆی ئەو هەڵانە نۆ حاڵەتیان پەیوەندیدار بە بەشەکانی غەیری پزیشکی، پێنج حاڵەت لە بواری پزیشکیی ددان، سێ حاڵەت پەیوەندیدار بە بەشی نەشتەرگەریی مێشک و دەمار و سێ حاڵەتیش پەیوەندیدار بە ڕادیۆلۆژی بووە.

هەروەها لە بوارەکانی ژنان و زایینگە، ئۆرتۆپێدی، پزیشکی چاو و پزیشکی گشتی، هەر کامیان دوو حاڵەتیان هەڵە هەبووە و لە بەشەکانی دیکەش حاڵەتێک هەڵە تۆمار کراوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا "عەلیڕەزا ڕەمەزانی" سەرۆکی ڕێکخراوی نیزام پزیشکیی پارێزگای ئیلام وتوویەتی، لە ساڵی ١٤٠٠ی هەتاویدا ١٤١ سکاڵای هەڵەی پزیشکی تۆمار کراوە کە لەو ڕێژەیە ٢٠ حاڵەتیان تاوانبار ناسێنراون و حوکمیان بۆ دەرکراوە.

ئامارەکانی هەڵەی پزیشکی لە پارێزگای ئیلام دەرخەری ئەوەیە کە لە ماوەی ساڵی ڕابردوو و ئەمساڵدا هەر ساڵە ٣٠ لەسەد هەڵەی پزیشکی لەو پاریزگایە ڕووی داوە.

ماوەی چەند ڕۆژ لەمەوپێش "محەممەدڕەزا خرەدمەند" جێگری ئینتزامیی ڕێکخراوی نیزام پزیشکیی ڕێژیم وتبووی، هەڵەی پزیشکی لە بەشەکانی پزیشکیی ددان و جوانکاری بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، بە جۆرێک کە لە ساڵی ڕابردوودا ٣٢٦١ حاڵەت سکاڵای هەڵەی پزیشکی لە ئێراندا تۆمار کراوە.