کوردستان میدیا

چوارشەممه 8ی پووشپەڕ 2722
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات سەردانی "سازمانی خەباتی کوردستانی ئێرانـ"ـی کرد

18:25 - 18 جۆزەردان 2722

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٧ی جۆزەردانی ١٤٠١، هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی "محەممەد ساڵح قادری" بەرپرسی پەیوەندییە کوردستانییەکانی حیزب، سەردانی "سازمانی خەباتی کوردستانی ئێرانـ"ـی کرد و لەلایەن "شۆڕش حاجی" بەرپرسی پەیوەندییەکانی سازمانی خەبات و "بەختیار عەزیزی" ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی ئەو حیزبەوە، پێشوازییان لێ کرا.

لەو دانیشتنەدا "محەممەد ساڵح قادری" لەهەمبەر هەوڵی تێرۆرکردنی یەکێک لە ئەندامانی سازمانی خەبات و بۆمبڕێژکردنی ماشینەکەی لە شاری هەولێر لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، پەیامی هەڵوێست و پشتیوانیی حیزبی دێموکرات و ڕێبەرایەتیی حیزبی بە ڕێبەرایەتیی سازمانی خەبات ڕاگەیاند.

هەیئەتی حیزب لەو دیدارەدا پێداگرییان لەسەر یەکیەتی و یەکگرتوویی و یەکڕیزیی حیزب و ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردەوە.

هەروەها هەیئەتی حیزبی دێموکرات ئامادەیی خۆیان بۆ هەر شێوە هاوکارییەک لەو بابەتەوە ڕاگەیاند.

لەلایەن هەیئەتی خانەخوێوە هەستی هاوکاری و یەکگرتووخوازیی حیزبی دێموکرات بەرز نرخێندرا و هەر دوولا لەسەر یەکیەتی و هاوکاری و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانیان پێداگرییان کردەوە.