کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات لەگەڵ بەرپرسانی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆیە کۆ بوونەوە

14:06 - 14 بانەمەڕ 2720

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٤ی بانەمەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی، هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی "محەممەدنەزیف قادری"، بەرپرسی دەزگای پێوەندییە گشتییەکانی حیزبی دێموکرات، سەردانی مەڵبەندی ١٤ی "یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستانـ‌"ـیان لە کۆیە کرد.

ئەو دیدارە بە مەبەستی پیرۆزبایی لە "هەڤاڵ ئەبوو زەید ساڵح"، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان و لێپرسراوی مەڵبەندی ١٤ی ڕێکخستنی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆیە لەلایەن ڕێبەریی حیزب و بەتایبەتی لێپرسراوی گشتی، "مستەفا هیجریـ"‌ـیەوە بوو و دەستە گوڵێکیان پێشکەش بە بەڕێزیان کرد.

لەم دیدارەدا، "هەڤاڵ ئەبوو زەید ساڵح" وێڕای سپاس و پێزانینی بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پێشکەشکردنی باسێک لەسەر پێوەندیی دێرینی حیزب و یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند کە ئێمە پێویستە ئەم پێوەندییە بە هەست بە بەرپرسایەتییەوە بپارێزین.

پاشان "محەممەدنەزیف قادری"، لەو پێوەندییەدا ڕایگەیاند کە ڕێبەرانی گەورەی ئێمە دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و مام جەلال تاڵەبانی، بەردی بناغەی ئەم پێوەندییەیان داناوە و ئێمە لە ڕۆشنایی ئەو بیرۆکە و ئەزموونە سەرکەوتووانەیەوە لە پێوەندییەکانمان بەردەوام دەبین.