کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی حیزب لە کۆنفڕانسی هاوبەشی زانکۆکانی ڕاپەڕین و کۆیەدا بەشداریی کرد

16:46 - 7 رەشەمه 2721

سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٤ی ڕەشەمە، هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرستیی "محەممەدنەزیف قادری" جێگری دووەمی لێپرسراوی گشتیی حیزب لە کۆنفڕانسی هاوبەشی زانکۆکانی "ڕاپەڕین و کۆیە" لەسەر بانگهێشتی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەو کۆنفڕانسە بەشداریی کرد.

ئەو کۆنفڕانسە لەژێر ناوی "هەقە لە سێبەری مێژوودا" بە هاوبەشیی زانکۆکانی "ڕاپەڕین و کۆیە" لە شاری کۆیە بە دروشمی "ڕاستگۆیی و برایەتی" و بە بەشداریی کۆمەڵێکی زۆر لە مامۆستایانی زانکۆ، کەسایەتییەکانی بزووتنەوەی هەقە، لایەنە سیاسییەکان و نوێنەرانی کۆنسولگەرییەکان و مامۆستایانی ئایینی و پەیڕەوانی بزووتنەوەی هەقە و کۆمەڵێک کەسایەتیی ئاکادێمیکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێک هاتووە.

سەرەتای کۆنفڕانسەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێ کرد.

پاشان لەلایەن پڕۆفیسۆر "وەلی" سەرۆکی زانکۆی کۆیە، بەخێرهاتنی بەشداربووان کرا.

سەرەتا پڕۆفیسۆر "وەلی" لە وتارەکەیدا وێڕای ئاماژەدان بە ئامانج لە پێکهاتنی کۆنفڕانسەکە، لایەنی ئایینی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و بانگەوازی خەباتی ئاشتیخوازانەی بزووتنەوەی هەقە و بەشداریی پەیڕەوانی ئەو بزووتنەوەیە لە خەباتی نیشتمانیی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و باشووردا باس کرد.

لە درێژەدا پەیامی وەزیری خوێندنی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان خوێندرایەوە و دواتریش چەندین پەیام و گوتاری مێژوویی و ئایینی بە زمانەکانی کوردی و ئینگلیزی پێشکەش کرا.

لەو کۆنفڕانسەدا شاندی حیزب لەگەڵ کۆمەڵێک کەسایەتی لەسەر باس و بابەت و پرسە سیاسییەکان چاوپێکەوتن و ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کرد.

کۆنفڕانسی "هەقە لە سێبەری مێژوودا" چەندین پانێلی جیاواز لە خۆ دەگرێت و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.