کوردستان میدیا: کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران، لە کوردستان بە دانانی وادە و بەڵێنیی بێبنەما دەیانەوێت خەڵک بە لاڕێدا ببەن.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی شەممە، ١٠ی خاکەلێوە، فەرماندار و بەخشداری ڕێژیمی ئێران لە شاری سەردەشت، سەردانی گوندی "بێتوشـ"ـیان کردووە و بە خەڵکیان ڕاگەیاندووە، کە بازاڕی "ئەشکانیان" بە فەرمی دەکەنەوە.
هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، باسی لەوە کردووە، فەرماندار و بەخشدار، لەو سەردانەدا تەنیا بۆ چەواشەکاری و دڵخۆشکردنی خەڵک هاتوونەتە گوندی بێتوش و ئەو وادەیەیان داوە و کۆی گشتیی قسەکانیان ئەوەی بە بەردەنگ و بیسەر دەسەلماند، کە هیچ شتێک چاک نابێت و لەمەش خراپتر بەڕێوەیە.
هەنووکە لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا، قەیرانە ئابوورییەکان بە هۆی داخرانی بازاڕچە سنوورییەکان چەند قات زیاترە و کاسبکاران و بازاڕییان وێڕای خەڵکی ئاسایی گیرۆدەی بێکاری و هەڵاوسانی بازاڕ بوون.