کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وازهێنان لە خوێندن لە ئێراندا بەتایبەت لەنێو کچاندا زیاتر بووەتەوە

12:12 - 30 سەرماوەز 2720

ئامارە بڵاوکراوەکانی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم لە پارێزگاکانی ئێراندا دەریخستووە کە ڕێژەیەکی بەرچاو بەتایبەت کچان لە ئەمساڵدا، وازیان لە خوێندن هێناوە.

لە سەرەتای ساڵی خویندنەوە هەتاکوو ئێستا ٣ مانگ تێدەپەڕێت و لە سەرەتای مانگی سەرماوەزەوە بەڕێوەبەرانی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگاکان ئامارەکانی وازهێنان لە خوێندنیان ڕاگەیاندووە کە کۆی گشتیی ئەو ئامارانە باس لە هەڵکشانی بەرچاو و چەند ئەوەندەیی وازهێنان لە خویندن لە هەندیک لە پارێزگاکاندا دەکات.

لە نموونەی ئەو پارێزگایانەدا کە ئاماری وازهێنان لە خوێندنیان بڵاو کردووەتەوە بریتین لە: "پارێزگای قەزوین بە ٢ هەزار خوێندکارەوە کە پێکدێت لە هەزار و ٢٢٧ قوتابیی ناوەندی و ٧٧٣ خوێندکاری سەرەتایی، پارێزگای کرمان ٤ هەزار ٥١٠ قوتابیی قۆناغی ناوەندی و ٣ هەزار و ٦٧٧ منداڵی ٧ ساڵانیش بۆ پۆلی یەکەمی سەرەتایی ناویان نەنووسیوە".

هەروەها لە پارێزگای خووزستان بە گشتی ٤ هەزار و ٥٠٠ خوێندکار وازیان لە خوێندن هێناوە کە زۆرینەیان کچن.

زۆرترین ڕێژەی وازهێنان لە خویندن دەگەڕێتەوە بۆ خوراسان بە وازهێنان لە خوێندنی ٤٠ هەزار قوتابی لە ئەو پارێزگایەدا.

٣ مانگ لە دەستپێکی ساڵی خویندن تێپەڕ دەبێت و وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم هەتا ئێستاش کێشەی نەبوونی مۆبایلی زیرەکی بۆ ٣ ملیۆن و ٢٢٥ قوتابی کە لەو بوارەوە بێبەشن چارەسەر نەکردووە.