کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

واشنتۆن پۆست: هێزەکانی سپای پاسداران لە ڕووبەڕووبوونە لەگەڵ دەریاوانان، ئەشکەنجەیان دەدەن

12:02 - 14 بەفرانبار 2721

واشنتۆن پۆست لەگەڵ ئاماژەدان بە هەبوونی زنجیرەیەکی گەورەی قاچاخی سووتەمەنیی ڕێژیمی ئێران، لە زاری کارناسێکی بازاڕی نەوت و دەریاوانان نووسیویەتی: "کەسانی سەر بە ڕێژیمی ئێران سپای پاسداران و چەند شیرکەتی تۆمارکراو لە وڵاتانی باشووری کەنداو لە هەناردەکردنی قاچاخی سووتەمەنیی ئەو ڕێژیمە بۆ "سوومالی، یەمەن و چین" و وڵاتانی دیکە دەوری سەرەکییان هەبووە".

ئەو ڕۆژنامەیە لە ڕاپۆرتی خۆیدا و لە زاری دەریاوانێک کە شایەتی ئەوە بووە سووتەمەنییان لە ئێران بە قاچاخ بردووە، بڵاوی کردووەتەوە کە بە شێوەی جۆراوجۆر لە فرۆشتنی نەوت کەڵکیان وەرگرتووە لەوانە، شەوانە بە شێوەی شاراوە و نەهێنی لە ئاوەکانی کەنداو و عەماندا نەوتیان لە کەشتییەک بۆ کەشتییەکی دیکە ڕاگواستووە.

هەروەها بە کەڵکوەرگرتن لە کوژاندنەوەی شوێنهەڵگر، سووتەمەنییان بۆ "شوێنی ساختە" هەناردە کردووە.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە هێزەکانی سپای پاسداران لە کاتی چوونەژوورەوە بۆ نێو کەشتییەکان، دەریاوانانیان ئازار و ئەشکەنجە داوە و بەرتیلیان لێ وەرگرتوون.

بە وتەی دەریاوانێک کە لە کەشتی یان ئەو شیرکەتانەی کاری قاچاخی سووتەمەنییان بۆ ڕێژیمی ئێران کردووە، لە ساڵی ١٣٩٧ و لە دوای چوونەدەرەوەی "ترامپ" سەرکۆماری پێشووی ئامریکا لە بەرجام و دانانی گەمارۆی نوێ، هەنگاوە نایاساییەکانی ئەو ڕێژیمە چڕ بوونەتەوە.

بەشێک لە دەریاوانان کە شایەتی قاچاخی سووتەمەنی لە ئێرانەوە بوون بڕیاریان داوە لەو پەیوەندییەدا بێدەنگی هەڵبژێرن.