کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

واشینگتۆن پۆست: کۆماری ئیسلامی دەڕووخێت!

11:47 - 6 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: لە نوێترین ژمارەیدا، ڕۆژنامەی واشینگتۆن پۆست ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە دۆخی سیاسی و ئابووریی کۆماری ئیسلامی بڵاو کردۆتەوە و تێیدا پێشبینی کردووە کە بەهۆی تەحریمەکانی ئامریکا و گوشارە ناوخۆییەکانەوە، ئەگەری ڕووخانی ئەم ڕێژیمە لە ئارادایە.

ڕۆژنامەی پڕتیراژی واشینگتۆن پۆست لە ڕاپۆرتێکی تێروتەسەل سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی و ئابووریی کۆماری ئیسلامی لە پاش خولی دووهەمی تەحریمەکانی ئامریکا ئاوڕی لە دۆخی ژیانی هاووڵاتییان لە ئێران داوەتەوە و تێیدا وێڕای "خراپ" وەسف کردنی دۆخی ژیانیان باسی لەوە کردووە کە ئەو قەیرانانەی کە ڕووبەڕووی کۆماری ئیسلامی بوونەتەوە لاوازییەکی هەستپێکراوی بۆ بە دیاری هێناون.

لە بەشێک لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە: هەلومەرجی ئابووریی زاڵ بەسەر کۆمەڵگای ئێران، خەڵکی وەزاڵەهاتووی ناچار کردووە بۆ داواکردنی مافە پێشێلکراوەکانیان بڕژێنە سەر شەقامەکان؛ ئاوڕیشی لە مانگرتن و خۆپیشاندانەکان لەلایەن مامۆستایان، کرێکاران و باقی چین و توێژەکانی ئێران داوەتەوە کە لە ساڵی ڕابردووەوە بە بەردەوامی هاتوونەتە ئاراوە.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەشیدا پێشبینی ئەوەی کردووە کە بەردەوامی ئەم دۆخە هاوکات لەگەڵ بەردەوامی گوشارە نێونەتەوییەکان، ئەگەری لەپێخستن و ڕووخاندنی  کۆماری ئیسلامی زیاتر دەکات.