کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"وال ستریت ژۆرناڵ": ڕێژیمی ئێران بە شێوەی شاراوە درێژە بە چالاکییە ناوکییەکانی دەدات

11:41 - 26 خەزەڵوەر 2721

ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، ڕۆژنامەی "وال ستریت ژۆرناڵ" لە زاری دیپلۆماتێکی ڕۆژاوایی بڵاوی کردووەتەوە کە ڕێژیمی ئێران لە سایتێک کە ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی لە چەند مانگی ڕابردوودا نەیتوانیبوو چاوەدێریی بەسەردا بکات، بە شێوەی شاراوە خەریکی بەرهەمهێنانی پارچەکانی "سانتریفیوژی پێشکەوتوو"یـە.

بەپێی ئەو بڵاوکراوەیەی "وال ستریت ژۆرناڵ" چالاکییە شاراوە و نوێیەکانی ڕێژیمی ئێران زۆر جێگای مەترسین و توانایی بەو ڕێژیمە دەدات تاکوو دەستی بە چەکی ناوکی ڕابگات.

بە وتەی ئەو دیپلۆماتە ڕۆژاواییە، لە کۆتایی مانگی گەلاوێژ هەتا ئێستا ئەو ڕێژیمە لانیکەم ١٧٠ پارچەی "سانتریفیوژ"ی بەرهەم هێناوە و لەو سانتریفیوژانە بۆ پیتاندنی ئورانیۆم کەڵک وەردەگرێت.

بڕیار وایە دانوستانی ناوکیی زلهێزانی جیهان لەگەڵ ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ زیندووکردنەوەی بەرجام ٢٩ی خەزەڵوەر لە شاری "ڤییەن" بەڕێوە بچێت، بەڵام ئەو هەوڵانەی ڕێژیمی ئێران نیگەرانییەکانی ئەو زلهێزانەی زیاتر کردووە.