![](/content/upload/1/news/50395_w920.jpg)
"سەعید خەتیب زادە" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی، ئێمە هێرشمان نەکردووەتە سەر خاکی کوردستان و حاشای لەو هێرشانە کردووە.
ئەو کاربەدەستەی ڕێژیمی ئێران لە کاتێکدا ئەو قسەیەی کردووە کە دوای هێرشی ڕێژیمی ئێران بە دڕۆنی ئینتحاری، کاتیوشا و تۆپباران بۆ سەر کوردستان، کۆمەڵگای جیهانی ئەو هێرشانەی مەحکووم کرد.
"خەتیب زادە" لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە، نابێ گرووپە دژبەرەکانی ئێمە لە عێراق و هەرێمی کوردستان چالاکی بکەن.
ڕێژیمی ئێران بێ ئەوەیکە هیچ یاسایەکی نێودەوڵەتی لەبەر چاو بگرێت، هێرش دەکاتە سەر خاکی کوردستان و عێراق.
لە ماوەی ڕابردوودا فەرماندە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران بەردەوام هەڕەشەیان لە بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق کردووە.
لە مانگی خەرماناندا ڕێژیمی ئێران بە هەموو توانای نیزامیی خۆی هێرشی کردە سەر خاکی کوردستان و زیانێکی زۆری ماددیی بە خەڵک گەیاند.
ئەو هێرشانە لەلایەن کۆمەڵگای جیهانی، حیزبە کوردییەکان، حیزبەکانی ئێران و چالاکانی سیاسی و مەدەنی مەحکووم کرا.