كوردستان میدیا: "مسته‌فا هیجری" و "باپیر كامه‌لا" له دیدارێکدا، هاوڕابوون له‌سه‌ر یه‌ک گوتاریی كورد و دیاریكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان كه پێكه‌وه خه‌باتی بۆ بكرێت.
ڕۆژی پێنجشه‌ممه، ٣٠ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ١٣٩٨ی هه‌تاوی، هه‌یئه‌تێكی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران به سه‌رپه‌رەستیی "مسته‌فا هیجری"، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات، سه‌ردانی پارتی كرێكاران و ڕه‌نجده‌رانی كوردستانیان كرد و له‌لایه‌ن هه‌یئه‌تێکی ڕێبەرایه‌تیی ئه‌و حیزبەوە به سه‌رۆكایه‌تیی "باپیر كامه‌لا"، سكرتێری گشتییه‌وه پێشوازییان لێ كرا.
له‌و دیداره‌دا باسێكی چڕ له‌سه‌ر دۆخی ئێستای كوردستان له هه‌موو به‌شه‌كانیدا كرا.
لەسەر دۆخی خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی ئێران و كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات و دوایین ئاڵوگۆڕه‌كان باس كرا و له‌سه‌ر هاوپێوه‌ندیی كورد له هه‌موو به‌شه‌كاندا جەخت کرایەوە.
هه‌روه‌ها ته‌وەرێكی دیكه‌ی باسه‌كان، له‌سه‌ر دۆخی عێراق و كاریگه‌ریی ڕووداوه‌كانی به‌غدا و شاره شیعه‌نشینه‌كان له‌سه‌ر ناوچه‌كه و هه‌رێمی كوردستان بوو و له‌و به‌شه‌دا پێكه‌وه‌بوونی هه‌موو هێزه كوردییەکان به خاڵی گرینگی سه‌ركه‌وتن له ڕووداوه‌كاندا ده‌ستنیشان كرا.
باسێكی دیكه بریتی بوو له دۆخی كورد له هه‌موو به‌شه‌كان به‌گشتی و هاوچاره‌نووسییان و كاریگه‌ریی ڕووداوه‌كانی هه‌موو به‌شه‌كان له‌سه‌ر یه‌ک و هه‌وڵدان بۆ هێنانه‌ئارای یه‌ک گوتاری هاوبه‌شی نه‌ته‌وه‌یی كه تێیدا سنووره‌كانی به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی دیاری و ده‌ستنیشان كرابێت و كاری پێكه‌وه‌یی بۆ پاراستنی ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه باڵایانه به بناغه دانرا.