کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئورووپاییەکان مێکانیزمی ماشەیان وەگەڕ خستەوە

17:11 - 24 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: کەمتر لە ١٠ ڕۆژ دوای هەڵگرتنی هەنگاوی پێنجەم و کۆتایی بەڵێنییەکانی ڕێژیمی ئێران بە ڕێکەوتننامەی بەرجام، سێ وڵاتی فەرانسە، بریتانیا و ئاڵمان "مێکانیزمی ماشە"یان دژی ڕێژیمی ئێران چالاک کرد.

سێ وڵاتی فەرانسە، بریتانیا و ئاڵمان، ڕۆژی سێشەممە، ٢٤ی بەفرانبار، لە بەیانییەیەکدا ڕایانگەیاند کە ڕێکاری چارەسەریی ناکۆکیی ڕێککەوتننامەی ناوکیی ئێران چالاک دەکەنەوە.

ئەم سێ وڵاتە لە بەیانییەیەکدا نووسیویانە، سەرپێچییەکانی هەنگاو بە هەنگاوی ڕێژیمی ئێران بە بەڵێنییەکانی ڕێکەوتنی ناوکی، ناسراو بە بەرجام و هەروەها بەهۆی هەوڵەکانی ڕێژیم چارەیەکمان نەماوە، بۆیە مێکانیزمی ماشە وەگەر دەخەینەوە.

بەپێی بەندی ٣٧ی ڕیکەوتنی بەرجام، ئەگەر ئێران ڕێککەوتنی ناوکی پێشێل بکات گەمارۆوە نێودەوڵەتییەکانی پێشوو کە دژی ئەو ڕێژیمە پەسند کراون، دیسانەوە وەگەڕ دەخرێنەوە.

ئەم سێ وڵاتە لە بەیانییەی هاوبەشی خۆیان وتوویانە: ''ئێمە ئەو بۆچوونانەی کە دەڵێت ڕێژیمی ئێران مافی خۆیەتی بەڵێنییەکانی بە بەرجام کەم بکاتەوە، قەبووڵ ناکەین.

ئەم بەیانییەیە ١٠ ڕۆژ دوای هەڵگرتنی هەنگاوی پێنجەم و کۆتایی بەڵینییەکانی ڕێژیمی ئێران بە ڕێکەوتننامەی بەرجام، بڵاو کراوەتەوە.

ئەم سێ وڵاتە وتوویانە، هیوادارین کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەڵێنییەکانی خۆیەوە پێبەند بێت.

پێشتر چەند وڵاتی ئورووپایی لە بەیانییەیەکدا داوایان لە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کردووە کە بۆ ناوڕۆکی بەرجام بگەڕێتەوە و لە هەنگاوەکانی ئێران بۆ چوونەدەرەوە لە بەرجام نیگەرانیی خۆیان دەربڕیبوو.

ڕێژیمی ئێران ئەو ڕێککەوتننامەیەی پێشێل کردووە، بەڵام نکۆڵیی لەو بابەتە دەکرد، کەچی ئێستا بەرپرسانی خودی ئەو ڕێژیمە، باس لە هاتنە دەرەوە لە بەرجام دەکەن و ئاستی پیتاندنیان لە ڕێژەی دیاریکراو تێپەڕاندووە.