کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئورووپا بەنیسبەت مەترسیی فڕین بەسەر ئاسمانی ئێراندا هۆشداریی دا

13:24 - 28 پووشپەڕ 2720

لە دوای خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە لەلایەن سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە و هاوکاری نەکردنی ڕێژیم بەنیسبەت ڕوونکردنەوەی زیاتر لەو بارەوە و چۆنیەتیی ڕوودانی ئەو ڕووداوە، ئاژانسی ئیمەنیی گواستنەوەی ئاسمانیی یەکیەتیی ئورووپا بەنیسبەت مەترسیی فڕین بەسەر ئاسمانی ئێراندا هۆشداریی دا.

ئاژانسی ئیمەنیی گواستنەوەی هەوایی یەکیەتیی ئورووپا بە فڕۆکە موسافیربەری و غەیرە نیزامییەکان هۆشداریی داوە لە ئەگەری فڕین بەسەر ئاسمانی ئێراندا ئەگەری بە ئامانج گرتنیان لەلایەن پەدافەندی هەوایی ڕێژیمی ئیرانەوە لە ئارادایە.

ئەو ئاژانسە بەهۆی نائەمنبوونی ئاسمانی ئێران و نەبوونی هاوئاهەنگی لەنێوان بەشی فڕۆکەوانی و بەشی نیزامیی ڕێژیمی ئێران، باسی لە مەترسیی بە هەڵە ناسینەوە کردووە و داوای لە شیرکەتە فڕۆکەوانییەکان کردووە هەموو ئەگەر و مەترسییەک تاوتوێ بکەن.

سپای تێرۆریستی پاسداران لە ڕێکەوتی ١٨ی بەفرانباری ٩٨ی هەتاوی، فڕۆکەی موسافیربەریی ئۆکراینی کردە ئامانج و ١٧٦ موسافیری لەو ڕووداوەدا گیانیان لەدەست دا و ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ئەو ڕووداوەی وەک هەڵەی مرۆیی ناو لێ برد و لە دانی هەر زانیارییەک لەو بارەوە و دانەوەی سندووقی ڕەشی فڕۆکەکە خۆی بوارد.