کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئورووپا خۆی بۆ دوای بەرجام ئامادە دەکات

21:46 - 15 بانەمەڕ 2718

 
کوردستان میدیا: بەرپرسێکی پایە بەرزی یەکیەتیی ئورووپا باسی لەوە کردووە کە وڵاتانی ئورووپایی خۆیان بۆ کۆتایی بەرجام ئامادە دەکەن.

بلاڤۆکی "ئێشپیگێل" ڕۆژی هەینی لە ڕاپۆرتێکدا لە زاری یەکێک لە بەرپرسانی پایە بەرزی یەکیەتیی ئورووپا بڵاوی کردووەتەوە کە یەکیەتیی ئورووپا خۆی بۆ کۆتایی بەرجام و دوای بەرجام ئامادە دەکات و خاڵەکانی وەک چۆنیەتیی پشتیوانی لە شیرکەتەکانی خۆی و لێکەوتەکانی گەمارۆ ئابوورییە نوێیەکانی ئامریکا تاوتوێ دەکات.

ئەو بەرپرسەی یەکیەتیی ئورووپا کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، وتوویەتی: "ئێمە پێشتر هیوادار بووین کە بتوانین ترامپ ڕازی بکەین لە بەرجامدا بمێنێتەوە و ئەوەش کاتێک بوو کە ڕێکس تیلرسۆن وەرزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا بوو".

لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا ئەو بەرپرسەی یەکیەتیی ئورووپا ئاماژەی بەوە کردووە کە لە دوای هاتنە سەرکاری "مایک پۆمپێئۆ" کە کەسێکی توندڕەو وەفادار بە سیاسەتەکانی دانڵد ترامپه هیوایەک بۆ مانەوە لە بەرجامدا بەدی ناکرێت.

لە سەفەری حەوتووی پێشووی "ئیمانۆئێل ماکرۆن" سەرکۆماری فەرانسە و "ئانگێلا مێرکێل" ڕاوێژکاری باڵای ئاڵمان بۆ ئامریکا، لەگەڵ دانڵد ترامپ سەرکۆماری ئامریکا لەبارەی بەرجامدا قسەیان کرد، بەڵام لە قسەکانی ئەو دوو بەرپرسەی یەکیەتیی ئورووپا دەردەکەوت کە هیچ هیوایەک بە مانەوەی بەرجام نەماوە.

سەرکۆماری ئامریکا بەپێی یاسای پەسندکراوی کونگرەی ئامریکا دەبێ ڕێکەوتی ٢٢ی بانەمەڕ دوایین بڕیاری خۆی لەبارەی بەرجامدا بدات.