کوردستان میدیا: یەکیەتیی ئورووپا لە هەوڵدایە گەمارۆی ئابووریی نوێ دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران پەسند بکات.
هەواڵدەریی " ڕۆیتێرز" لە زاری دیپلۆماتە ئورووپاییەکانەوە بڵاوی کردووەتەوە، یەکیەتیی ئورووپا لە هەوڵی ئەوەدایە گەمارۆی ئابووریی نوێ دژی ڕێژیمی ئێران پەسند بکات و ئەو گەمارۆ ئابوورییانەش بەرنامەی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران لەخۆدەگرێت.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە ئەو گەمارۆ ئابوورییانە بەشی داراییەکانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران و سەفەری فەرماندەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران بۆ ئورووپا لەخۆدەگرێت.
ژان ئیو لۆدریان وەزیری کاروباری دەرەوەی فەڕانسە هۆشداریی بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران داوە ئەگەر وتووێژەکان لەبارەی مووشەکە بالیستیکییەکان هیچ ئاکامێکیان نەبێت، گەمارۆی ئابووری دژی ئەو ڕێژیمە پەسند دەکرێت.
بەپێی زانیارییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوایی، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ۲۰۱۸ی زایینیدا بە ئاشکرا پەرەی بە چالاکییە مووشەکییەکانی خۆی داوە و ئەمەش نیگەرانی وڵاتانی ڕۆژئاوایی لێکەوتووەتەوە.
تاقیکاریی مووشەکیی و درووست کردنی مووشەکی نێونجبڕ لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەی ناوکیی هەژمار دەکرێت.
بەرپرسانی باڵای دەوڵەتی ئامریکا، بەردەوام ڕەخنەیان لە بەرنامەی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران گرتووە و بە مەبەستی گوشارهێنان بۆ سەر ئەم ڕێژیمە و کەمکردنەوەی چالاکییە تیرۆریستییەکانی و گۆڕینی هەڵسوکەوتە تێکدەرانەکانی لە ناوچەکەدا، جارێکی دیکە لە ڕێکەوتی ١٥ی گەلاوێژ و ١٣ی خەزەڵوەری ئەمساڵ گەمارۆکانیان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران وەگەڕ خستەوە.