کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئورووپا پشتیوانی لە ڕێژیمی ئایەتوڵڵاکان دەکات

12:07 - 1 خەرمانان 2720

گەڵاڵەی ئامریکا بۆ کەڵکوەرگرتن لە مێکانیزمی ماشە، ١٣ دەنگی نەرێنیی پێ درا و تەنیا دەنگێکی ئەرێنیی بەدەست هێنا.

دوای ئەوەیکە بڕیارنامەی ئامریکا بۆ درێژکردنەوەی گەمارۆی چەکوچۆڵ دژی ڕێژیمی تاران شکستی هێنا، ئامریکا لە گەڵاڵەیەکدا ویستی مێکانیزمی ماشە بەکار بێنێت بەڵام ئەو گەڵاڵەیەش دەنگی نەهێنایەوە.

"ڕووسیە، چین، ئاڵمان، ئینگلیس، فەرانسە، بلژیک، ئافریقای باشوور، نیجێر، توونێس، سێنت وینسێنت و گرنادین، ستۆنی، ڤییەتنام و ئەندۆنێزی" ڕایانگەیاندووە کە ئامریکا ئیزنی کەڵکوەرگرتن لە مێکانیزمی ماشەی نییە.

"مایک پۆمیێئۆ" دوای ئەوەیکە گەڵاڵەکەی ڕەت کرایەوە، ئورووپاییەکانی بەوە تۆمەتبار کرد کە ئەوان پشتیوانی لە ئایەتوڵڵاکان دەکەن.

وەزیری دەرەوەی ئامریکا باسی لەوە کردووە، ڕێژیمی ئێران لە ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی دەستی بۆ هەموو کارێکی تێرۆریستی بردووە، لە کوشتنی دژبەرانی خۆی لە ئورووپا هەتا کردنە ئامانجی فڕۆکەی ئۆکراینی. ڕێژیمی ئێران جیا لە تێرۆری دژبەرانی خۆی لە ئورووپادا، هێرشی کردووەتە سەر کلیسا و کنیسەی جووەکان و لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا نائەمنیی دروست کردووە.

لە ماوەی گوشارەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، بۆ چەندەمین جارە کە "پۆمپێئۆ" باس لەوە دەکات کە ڕێژیمی ئێران لە ئورووپا کاری تێرۆریستیی ئەنجام داوە، بەڵام ئورووپاییەکان چاوپۆشییان لەو کردەوانەی ڕێژیمی ئێران کردووە و پشتیوانییان لە ئایەتوڵڵاکان کردووە.

لە ماوەی دەسەڵاتی ڕێژیمی تاران، چەندین دژبەری ئێران لە وڵاتانی ئورووپایی تێرۆر کراون کە گرینگترینیان تێرۆری دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی لەگەڵ هاوڕێیانیان بوو.