کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"ورە" بڵاڤۆکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دووهەمین ژمارەی چاپ و بڵاو کرایەوە

19:12 - 8 گەلاوێژ 2720

لە دووهەمین ژمارەی بڵاڤۆکی "ورە"دا بابەتی جۆراوجۆری پێشمەرگانە و بابەتی "شۆڕش و ئەرکی پێشمەرگانە" سەروتاری ناوەرۆکی ئەو بڵاڤۆکەیە.

لە بەشێکی سەروتارەکەدا هاتووە؛ ئەرکی پێشمەرگە ئاشناکردنەوەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە بەو ئیش و ئازار و بێ مافی و بێدەرەتانیانەی کە ستەمکار بە سەریدا هێناون و لەم ڕاستایەشدا بە ئامادەبوونی لەسەر خاکی خۆی هۆشیاری دەدات بە خەڵک و بە کردەوەش لە مەیدانی کردەوەدا ئامادەی بەرگرییە لە مافەکانیان.

بڵاڤۆکی تایبەت بە ڕاسانی خاکی ‌پۆشان، هاوکاتە لەگەڵ ٧٥ ساڵەی دامەزرانی ڕێکخراوەیەک کە دانەر و دامەزرێنەری ناوی پێشمەرگە و هێزی پێشمەرگەی کوردستانە.

ورەی ژمارە ٢، لە ٨٨ لاپەڕە پێکهاتووە و لە بابەتگەلێکی وەک: "داهاتووی شەڕ"، گرینگترین بنەماکان لە کردەوەی شەڕدا"،  "شەڕی پارتیزانی وەک زانستێکی سەربازی"، "پێوەندیی نێونەتەوەیی و پێشمەرگە"، "ئەدەبیاتی بەرەنگاری" و "قەرارگای حەمزەی سپا لە کوردستان خەریکی چییە؟" پێکهاتووە.

کورتە ڕاپۆرتێکی وێنەیی کاروچالاکیی وەرزی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هەروەها ئەنجامدانی دیمانە لەگەڵ دوو پێشمەرگەی چاڵەڕەشەکانی کۆماری دژیگەلی ئێران، هاوڕێیان "عوسمان مستەفاپوور" و "والی دروودی"، "ورە"ی زیاتر پێشمەرگانە کردووە.

ورە کاتنامەیەکی پێشمەرگانە ـ نیزامییە کە فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەرنووسەرییەتی و ئەرکی نووسین و پێداچوونەوەی زمانەوانی و گرافیستی لە ئەستۆی کۆمەڵێک پێشمەرگەی خۆنەویست و خۆشەویستە.