کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئوسترالیا/ نوێنەری حیزبی دێمۆکرات لە کۆبوونەوەی جیمزجفری‌دا بەشداری کرد

22:15 - 15 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: محەممەد هۆشیار، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئوسترالیا، به بانگهێشتی فەرمیی لە کۆبوونەوەی جیمز جفری، کارناسی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کاروباری رێژیمی ئێران بەشداری کرد.


بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی هەینی رێکەوتی ١٤ی خەرمانانی ١٣٩٣ی هەتاوی، محەممەد هۆشیار، نوێنەری حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لەسەر بانگهێشتی فەرمیی بەڕێوبەرانی کۆبوونەوەکەی جیمز جفری لەو کۆبونەوەیەدا بەشداری کرد.

جیمز جفری، جێگری پێشووی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا و کارناسی سیاسەتی ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و باڵوێزی پێشووی ئەو وڵاتە لە تورکیە و عێراق سەردانی شاری سیدنی ئوسترالیای کرد و لەو شارە کۆبوونەوەیەکی بەڕێوەبرد.

بەشداربووانی ئەو کۆبونەوەیە ژمارەیەک لە کەسانی ئەکادمیک، دیپلۆمات، رۆشنبیر و چالاکانی سیاسی بوون.

بەپێی راپۆرتەکان جیمز جفری، لە دانیشتنەکەدا وتارێکی لەسەر بارودۆخی ئێستای جیهان و رووداوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو ئاڵوگۆرانە ی کە بە هاتنی داعش لەو ناوچانەدا هاتوونەتە پێش، پێشکەش کرد.

جیمز، لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا سەبارەت بە رێژیمی ئێران و دەستێوەردانەکانی لە ناوچەکەدا چەند خاڵێکی خستەڕوو و لەسەر نەرێنی بوونی دەستێوەردانەکانی ئێران لە کاروباری وڵاتانی دیکە پێداگریی کردەوە.