کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وشکەساڵی و قەیرانی بێئاوی میلیۆنان کەسی لە ئێران دەربەدەر کردووە

12:20 - 2 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: هەتاکوو ئێستا نزیک بە ٧ میلیۆن کەس بە هۆی وشکەساڵی و قەیرانی ئاو وازیان لە کار و ژیانی خۆیان هێناوە و ڕوویان لە شارەکان کردووە.

قەیرانی ئاو و وشکەساڵی لە ئێراندا تەنگی بە خەڵکی گوندەکان هەڵچنیوە و هەتاکوو ئێستا بە میلیۆنان بنەماڵەی گوندنشین ناچاربوونه هەتا زێدی خۆیان بەجێ بهێڵن و لە دەورووبەری شارەکاندا نیشتەجێ بن.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران تەنیا کاریان بووەتە هۆشداری دان و بە کردەوە هیچ جۆرە پلانێکیان بۆ دەربازکردنی ئەو قەیرانە پێ نییە.

لەو پێوەندییەدا "مەسعوود تەجریشی"، جێگری ڕێکخراوی ژینگەپارێزیی دەوڵەتی ڕۆحانی، باسی لەوە کردووە کە هەتا ٥ ساڵی دیکە شەڕی ئاو دەست پێدەکات.

هاوکات "عیسا کەلانتەری" بەرپرسی ڕێکخراوی ژینگەپارێزیی ڕێژیم، پێشبینی ئەوەی کردووە کە هەتا ٥٠ ساڵی دیکە زەخیرەی ئاوی ژێرزەوینی لە ئێراندا کۆتایی پێ دێت و هەروەها یەکێکی دیکە لە بەرپرسانی ڕێژیم باسی لە ئاڵۆزی و قەیرانی ئاو لە ٣٣٠ شاری ئێران، بە زیاتر لە ٣٠ میلیۆن حەشیمەتەوە کردووە.

دیارە وڵاتی ئێران تەنیا وڵاتێک نییە کە لەگەڵ قەیرانی ئاو بەرەوڕوویە، وڵاتانی باشووری ئافریقا و ئیسرائیلیش کێشەی ئاویان هەیە، بەڵام ئەو دەوڵەتانە توانیویانە ڕێگاچارەیەک بۆ ئەو کێشەیە ببیننەوە.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران نەتەنیا هیچ پلانێکی بۆ بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی و پاراستنی ژینگەی ئێران پێ نییە، بەڵکوو بە پێچەوانەش پێش بە چالاکیی ژینگەپارێزان دەگرێت و بەردەوام بە تۆمەتگەلی جۆراوجۆر دەسبەسەر و زیندانیان دەکات.

بەستنی بەنداو، وەرزێڕی سووننەتی و بێ بەرنامە و هەروەها سیاسەتە هەڵەکانی ڕێژیم قەیرانی ئاویان کردووەتە پرسێکی ئەمنییەتی، شەڕ و تێکهەڵچوونەکان لە ئیسفەهان، ناڕەزایەتی بەردەوام لە خوزستان، کۆچی بەناچاریی گوندنشینەکانی سیستان و بەلووچستان ئاماژەیەکن بۆ داهاتوویەکی ناڕون و پڕمەترسیی ژیان لە سێبەری ڕێژیمی ئێراندا.