کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"ئولیانۆف" قسەکانی "حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهییانـ"ـی ڕەت کردەوە

12:10 - 7 خەزەڵوەر 2721

"حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهییان" وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران چەند ڕۆژ پێش وتبووی "ئێران لەکاتێکدا هیچ ڕێگایەکی بۆ نەماوەتەوە ناگەڕێتەوە بۆ دانوستانەکانی بەرجام".

"ئەمیر عەبدوڵڵاهییان" وتوویەتی "ئێمە دەبێ سەبارەت بە هەر شتێکی نوێی شیمانەکراو لە پەیوەندیی بە ئێران ئاگادار بکرێینەوە".

ناوبراو پێش ئەو قسانە وتبووی "بەم زووانە دەست بە دانوستانەکانی ناوکیی ٤ کۆ ١ دەکەینەوە".

"میخاییل ئولیانۆف" نوێنەری ڕووسیە لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و دانیشتووی "ڤییەن" لە توییتێکی گاڵتەجاڕیدا نووسیویەتی: "بەم زووانە کەس دەزانێ لە کردەوەدا بە چ واتایەکە؟".

ڕۆژی چوارشەممە "عەلی باقری" دانوستانکاری باڵای ڕێژیمی ئێران و "ئێنریکێ مورا" بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا لە "بروکسێل" پێتەختی بلژیک چاوپێکەوتنیان پێکەوە کردبوو.

لەو دیدارەدا ڕێککەوتن کراوە بگەڕێنەوە بۆ دانیشتنەکانی بەرجام.

لە دوای ئەو دیدارەدا "باقری" لە توییتێکدا بڵاوی کردووەتەوە لەسەر ئەوە ڕێککەوتووین پێش کۆتایی مانگی سەرماوەز بگەڕێینەوە سەر مێزی وتووێژ.