کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وڵاتانی ڕۆژاوایی بەنیسبەت بیانووهێنانەوەی ڕێژیمی ئێران بۆ گەڕانەوەی بەرجام نیگەرانییان دەربڕیوە

12:43 - 9 خەزەڵوەر 2721

بەرپرسانی بریتانیا، ئالمان و فەرانسە، سێ وڵاتی ئورووپایی ئەندامی بەرجام لەگەڵ "جۆ بایدن" سەرکۆماری ئامریکا بەیانییەیەکی هاوبەشیان بەنیسبەت بیانووگرتنەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی وتووێژ بڵاو کردووەتەوە و "نیگەرانیی قووڵیان" سەبارەت بەو بابەتە دەربڕیوە، هەروەها جەختیان کردووەتەوە کە لە ئێستادا دەرفەت بۆ بەدەستهێنانی خێرای ڕێککەوتنی ناوکی نییە.

ئەو وڵاتانە ڕۆژی شەممە ٨ی خەزەڵوەر بە بڵاوکردنەوەی بەیانییەیەکی هاوبەش وتوویانە، بیانووگرتنی ڕێژیمی ئێران بۆ گەڕانەوەی بەرجام لە حاڵێکدایە کە هەوڵە هەڵخرێنەرەکانی بەرنامەی ناوکی وەکوو پیتاندنی ئورانیۆم لە ئاستی باڵا و بەرهەمی ئورانیۆمی کانزایی بەرز کردووەتەوە.

بەرپرسانی ئەو وڵاتانە کە لە دانیشتنی "گرووپی جی ٢٠"دا وتووێژیان کردووە، لەسەر ئەوە جەختیان کردووەتەوە کە ڕێژیمی ئێران هەرگیز دەستی بە چەکی ناوکی ڕاناگات و بەنیسبەت نەگەڕانەوەی ڕێژیمی ئێران بۆ بەرجام نیگەرانییان دەربڕیوە.

هۆکاری نیگەرانیی ڕۆژاوا لە ڕێژیمی ئێران نەبوونی ڕوونکارییە سەبارەت بە بەرنامەی ناوکی و هەڵکشانی پیتاندنی ئورانیۆم لە ئاستی باڵا و بەرهەمی ئورانیۆمی کانزایی کە بۆ چەکی ناوکی کەڵکیان لێ وەردەگیرێت.

ئەو هەوڵانەی ڕێژیمی ئێران و هەروەها نەبوونی هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی ئەتۆمیی نەتەوە یەکگرتووەکان، بارودۆخێکی هەڕەشەهێنەری خولقاندووە.