کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٨٢ وڵاتی جیهان ئینتێرنێتیان لە ئێران باشترە

13:33 - 29 خاکەلێوه 2721

بەپێی پلەبەندیی جیهانیی ڕاپۆرتی "ئسپید تێست"، نێونجی خێرایی ئینتێرنێتی ئێران لە دوایین ئاماردا لە پلەی ٨٣هەمین وڵاتی جیهاندایە.

ماڵپەڕی "ئسپید تێست" نوێترین ڕاپۆرتی خۆی سەبارەت بە نێونجی خێرایی ئینتێرنێتی ماڵی و مۆبایلی لە سەرتاسەری جیهان لە مانگی مارسی ساڵی ٢٠٢١ بڵاو کردەوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە لە سێهەمین مانگی ساڵی ٢٠٢١ی زایینیدا نێونجی جیهانیی خێرایی ئینتێرنێتی مۆبایل ٤٨.٤٠ و نێونجی جیهانیی خێرایی ئینتێرنێتی ماڵی ٩٨.٦٧ مێگابایت لە چرکەدا بووە.

هەروەها بەپێی ئەو ڕاپۆرتە نێونجی خێرایی ئینتێرنێتی مۆبایل لە ئێران لەو ڕێکەوتەدا ٢٦.٣٨ مێگابایت لە چرکەدا بووە.

بەو پێیە ئێران لە پلەی ٨٣ی خشتەی پلەبەندیی جیهانیی خێرایی ئینتێرنێتدا جێ دەگرێت.

جگە لە کەمبوونی خێرایی ئینتێرنێت لە ئێران، فیلتێرکردن و بچڕاندنی ئینتێرنێتش وای کردووە کە خەڵکانێک کە لەو وڵاتەدا دەژین لەم سەردەمەدا کە سەردەمی تێکنۆلۆژی و پێشکەوتنە بۆ کارەکانیان لەگەڵ کێشە بەرەوڕوو ببنەوە.