کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وێنەگرێکی کورد وەک باشترین "وێنەگری مێژوویی" ساڵی ٢٠٢١ هەڵبژێردرا

09:57 - 20 سەرماوەز 2721

وێنەگرێکی کورد بە ناوی "محەممەد مەعسوون سوەر"، خەڵکی دیاربەکری کوردستانی باکوور لە پێشبڕکێی نێودەوڵەتیی وێنەگریی مێژوویی لە بریتانیا، لەنێو ٤٠ وێنەگری گەورەی جیهان وەک باشترین وێنەگر هەڵبژێردرا.

"محەممەد مەعسوون سوەر" بە ٢٦ وێنەی مێژوویی شارەکانی کوردستانی باکوور، لەو پێشانگایەدا بەشداریی کردووە، بەڵام بە وێنەی پەیکەرێک کە پەیکەرەکە لە شاری سامسوری کوردستانی باکوورە و لەسەر چیای نەمرودە، توانیی ببێتە باشترین وێنەگری ساڵ و وێنەکە بە باشترین وێنە هەڵبژێردرا.

ناوبراو لەمبارەوە وتوویەتی کە بە وێنەی ناوچە مێژووییەکان، دەیەوێت شارستانییەتی کوردستانی باکوور بە جیهان بناسێنێت.

ئەو پێشبڕکێ جیهانییە ساڵانە لە بریتانیا ئەنجام دەدرێت و هەزاران وێنەگر لە سەرتاسەری جیهان تێیدا بەشداری دەکەن، دواتر ٤٠ وێنە دەچنە قۆناغی کۆتایی و وەک باشترین وێنە هەڵدەبژێردرێن.

ئەو پێشبڕکێیە جیهانییە لەلایەن چەند میدیای بریتانیایی، دەزگای پاراستنی سروشتی بریتانیا و کۆمەڵەی هونەریی وێنەی مێژوویی بەڕێوە دەچێت.