کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەرزانەی چیرۆکی ناوەندی نووسەرانی کوردستان چاپ و بڵاو کرایەوە

12:34 - 12 بەفرانبار 2721

بەپێی هەواڵی ناوەندی نووسەرانی کوردستان، وەرزانەی ژمارە دووهەمی ئەم ناوەندە کە تایبەتە بە ئەدەبی گێڕانەوە و چیرۆکنووسانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە دووتوێی ٢٠٠ لاپەڕە لە کوردستانی باشوور چاپ و بڵاو کرایەوە.

وەرزانەی چیرۆک کە تایبەتە بە چالاکیی وەرزانەی وەرزی پاییزی ٢٧٢١ی کوردی، پاش بانگەوازی ناوەندی نووسەران و پێکهێنانی لێژنەیەکی تایبەت، داوا لە چیرۆکنووسانی ڕۆژهەڵات کرا کە چیرۆکەکانیان ڕەوانە بکەن کە لەو ماوەیەدا زیاتر لە ٦٠ بەرهەمی چیرۆک گەیشتە ناوەندی نووسەران و لەلایەن لێژنەیەکەوە چیرۆکەکان هەڵسەنگێندران و سەرەنجام ٤٤ چیرۆک بۆ بڵاوکردنەوە هەڵبژێردران.

خاڵی جێگەی سەرنجی ئەم وەرزانەیەش هاوشێوەی وەرزانەی شیعر، فرەچەشنی و هەمەگیریی شێوەزارەکانی زمانی کوردییە لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات کە تێیدا بەرهەمی چیرۆکنووسانی دەڤەری ورمێ و دەوروبەری، سنووری موکریان، سەقز، بانە، سنە، مەریوان، هەورامان، کرماشان و گێڵانی ڕۆژاوا و هاوکات بەرهەمی پێنج چیرکنووسی کوردانی خۆراسانی لەخۆ گرتووە.

پاش بەستنی سێیەمین کۆنفڕانسی ناوەندی نووسەرانی کوردستان، وەرزێکی نوێی چالاکیی ڕێکخستن و پێوەندی لەگەڵ نووسەران لە ناوچە جیاجیاکان، هەروەها لە بواری میدیایی و چاپ و بڵاوکردنەوەی دەست پێ کردووە کە بەرهەمی ئەم وەرزە نوێیە چالاکییە لە هەر سێ لقی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ئورووپا و باشووری کوردستان دوو وەرزانەی چاپ و بڵاو کردووەتەوە، هاوکات بە هاوکاریی ناوندی بڵاوکردنەوەوی "٤٩ کتێب" چەند کتێبی بە هاوبەشی چاپ کردووە.

ئەم چالاکییانەی ناوەندی نووسەران لە داهاتوودا بە هاوکاری و ڕاوێژ لەگەڵ نووسەران و چالاکانی فەرهەنگی و ناوەند و ئەنجومەنە ئەدەبییەکانی ڕۆژهەڵات لە ئاستێکی بەرین و فراواندا درێژەیان دەبێت.

لە ڕۆژانی داهاتوو، ئەم وەرزانەیە لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش چاپ و بڵاو دەبێتەوە.