ئاوات سارۆج
نەورۆز وەک نوێکردنەوەی ژیان و وەرزی نوێ لە کرانەوەی هەموو جوانییەکانی سروشت و ژیانەوەی زەوی و هەموو بوونەوەرێک، ساڵانە بە هاتنی بەهار پێناسەی سروشتی خۆی هەیە.
لێرەدا پاک و خاوێنکردنەوەی ژینگە، چاندنی گوڵ و گیا و وەرزی چەقینی هەموو چەشنە گوڵ و گوڵەڕایەک بۆ ڕەنگاوڕەنگکردنی سروشتی ژیانەوە و مانەوە بەرەو گۆڕانێک هەمەچەشن دەبینین.
ڕێز بۆ جوانییەکانی سروشت و ئاسمان و هەور، زەوی و خاک،مانگ و هەتاو، ئاگر و ئاو ، ڕووبار و زەریا و هەموو زیندەوەرێک. لەم وەرزەیە کە مرۆڤ بۆ سەرکەوتنی ڕاستی و پاکی تەقەلا دەکات و دەژیت.لەم وەرزی نوێ بوونەوەیە کە ئاشتی و شادی و کامەرانی لە هیوا و خواستی هەموو تاکێک وەک ڕۆح و نرخ و مانەوە، مانا دەکرێت و پێی دەژیت.
ئەوە لە مانگی ڕەشەمەیە کە زەوی وەک دایکێکی دووگیان بە تەمای ژیانەوەو گەشەیە و لە نەورۆزدا جوانی سروشت لە دایک ئەبێت.
پیرۆزی وەرزی نەورۆز هەمان جێژن و شادی و پیرۆزبایی ساڵی نوێ و لە دایک بوونی ورزی ژیانەوەیە.
نەورۆز وەرزی پێکەوە ژیان، شادی، ئاشتەوایی و هەرمانی پێکەوەبوونە.وەرزی تواندنەوەی ساردی، سەهۆڵ، خەم و نەهامەتییەکانە و کرانەوەی دەرگای شادی بەخشین و ژینگەیەی نوێ، زیندوو ،خاوێن و جوانە .بۆیە نەورۆز نەتەنیا سەرەتای بەهارە بەڵکوو دەسپێکی هەبوونی زەوی و هێمای وەرزی خوڵقێنەری و لەدایکبوونی دووبارەی زەوی و هەموو بەرهەمەکانیەتی.
بۆیە هەر ئەم زەویە وەک وڵات ،نیشتمان و سەرزەمینی دایکی وەک دایک بەنرخ و پیرۆزە و ئاسمانیش وەک باوک واتە زەوی و زەمان وەک دایک و باوک ،لەم وەرزە جیاواز لە هەموو کاتێک شادیبەخش و جێی ڕێز و نرخن.لێرەدا پێناسەیەک لە نەورۆز و وەرزی سروشتی بە نرخی نیشتمانی کورد دێتە بەر باس.
نەورۆز ،پێناسەیەک لە جوانی سروشت،زیندوو بوونەوە ،نوێ کردنەوەی ژیان ،گۆڕانیک لە دەم و چاو و تەنانەت دەرونی سروشت و هەموو زیندەوەریکە لە وەرزیکی نوێ و هاتنەوەی ڕەنگاوەڕەنگی سروشت و کرانەوەی ئامێزی زەوی وەک دایک و دامانی جوانی و ژیانەوە لەم ڕۆژەدا وەک هەموو ساڵیک بە شین و سەوزبوونەوەی زەوی دەسپێدەکاتەوە. لە مێژووی کەونی کوردەواریدا وەک نەریت ،چاند و فەرهەنگ،وەک پیرۆزییەک لە نوێبوونەوەی ژیان و سروشت خۆی بووەتە بەشێک لە ژیان و گەڕان بە دوای گۆڕانکاری و گەشەیەک بەرەو شادبوونەوەو هەستانەوەیەکی بەهێز بۆ بەردەوامی ژیانی تاکی کورد لە سەرزەوینێکدا بە ناوی زاگرۆسی دەژ، بە پیت و پڕلە کرانەوەی چاوی خوونچە و هەموو گیانلەبەر و بوونەوەرێک لە ژینگەیەک پڕ لە جوانی سروشت و تۆقینی کانی و خرۆشانی ڕووباری ئەم وڵاتە هەتا گەیشتن بە زەلیای پێکەوە بوون و تیکەڵکردنی هەموو چەشنە ڕەنگ و دیمەنێک بەپیت و بەهێز و هەستانەوەدا. ئاماژە بە پێکەوەبوون و تیکەڵبوونی ژیانی مرۆڤ و سروشت و مانەوە وەک پێکەوەژیانی کومەڵگەی کوردی هەر ساڵە لە وەرزی بەهار و ڕۆژانی شادکامی نەورۆزدا بە چەندین هێما و نیشانە، هەم لە ڕەواڵەت و هەمیش ناوەڕۆک، وەک پێناسەیەک بۆ نەتەوەی کورد دێتە هەژمار.
ئەو کاتە کە وەرزی نەورۆز لە دایک دەبێت، بە دەرکەوتنی ڕەنگینی و جوانی سروشت هێمای شادی، ئاشتەوایی،پێکەوەبوون ،لێبووردەیی و خۆنواندن بەرەو هەست و بینینەوەی ناخی شین،رەنگینی ،شادی ،هەبوون، دوورخستنەوەی قین و پەژارەو خەم ،ئەو کاتەیە کە تێکەڵ بە ساتەوەختی هاتنی نەورۆز دەبێت .ژیانێک بە هێمای ڕەنگینی ،هەڵبژاردەی ڕەنگە جوانەکان کە خۆی بە سروشتی ژیانی نەتەوەکەمان لە سەرزەوینێکی بەپیت و ئاوێتە بە جوانترین دیمەنی ژیان و نوێبوونەوە و ژیانەوەی ئەم وڵاتە کە بە دایکی نیشتمان و ژینگەی بوونمان ناسراوە،جوانییەکی دیکە دەبەخشێت و ڕەمز و هێمای بوون و هەستی نەتەوەیەک بەدەر ئەخات وەک تێکەڵبوونەوەی هەموو جوانی و ڕەنگینییەک بە هەست و بوون و ڕۆحەوە تێکەڵ بە سروشت بۆ پووشینی جلوبەرگی ڕەنگاوڕەنگی کوردی ،دەقاودەق بە هێمای سروشت و بە حەز و تێکەڵ بە جوانی ئەم سروشتە لە مرۆڤیدا بەدی دەکرێت ،لێرەدا هەر وەک لە وەرزی نوێبوونەوەی ژیان و سروشتدا دەبیندرێت ژیانی نەتەوەیەک وەک کورد کە لە مێژووی خۆیدا تێکەڵ بە نەهامەتی ،کارەسات و قڕبوون بووبێت بە هاتنی نەورۆز بە کەڵکوەرگرتن لە هێماگەلێکی وەک ئاگر ،جلکی ڕەنگاوڕەنگ ،هەوری و گوڵوەنی ،جامانە،کیش و ڕەشتە ،یەک بە یەک بە هێما و نەمادگەلێک لە خۆزای ویست و داخوازییەکانمان ،خۆی لە خۆیدا جەمگایەک (کومەڵگایەک )پڕ لە حەز و خۆشەویستی و ئاشتەوایی ساز ئەکات کە سەرجەم ئەم هێما پیرۆزانە وەک نیشانەی هەبوونی نەتەوەیەک لە دونیای دەوروبەر، ڕەنگ ئەداتەوەو رەمزێک وەک بەرخۆدان و مانەوە ساز ئەکات .بەرخۆدانیک نەتەوەیی ،بە گەڕانەوە بۆ مێژوویەک پڕمەینەت و دوورخستنەوەی پەژارە و بە وەدەرنانی هەر چەشنە خەم وکەسەرێکدا لە ناخ و ساڕێژکردنی هەموو چەشنە برینێک بۆ تاکی کورد لە نیشتمانێک پڕ لە زام پەیامێکە بۆ مرۆڤی ئەم نیشتمانەدا .هەڵپەڕکێ و ئاگر ،جامانەو هەوری،
بەڵەک و ڕەنگاوڕەنگی پۆشین، جوانیەکی دیکە بە سروشت ئەدات و دیتر هیچ چەشنە جوانی و ڕەنگ و حەز و خوولیایەک بەجێناهێڵێت و دەبێتە ڕەمزی مانەوەو پاوەگەزدان (پایەداری)لە م وەرزە نوێیەدا. بۆیە لە وەرزی ژیانی نوێی تاکی کورد و سەرجەم کۆمەڵانی خەڵک و نەتەوەکەمان چەندساڵێک دەبێت کە بەرفراوان و بەرچاوتر لە جاران خاکی پۆشان بە ڕەنگی نیشتمان، موبارزە، هەبوون، بەرخۆدان و بە هەڵدانی جامانەو هەوری ،تێکەڵ بەم چەشنە پایەداریە بوونە و دەبن؛ ئەوەش بۆ ویستی ژیان و هەست و هەبوون ،جوولەیەک بەرز و بەنرخ وەک ڕەمزێک بۆ سەرکەوتن بە سەر تاریکی و نەهامەتیدا بە بڵازەی(گڕی)ی ئاگر و شەکانەوەی ئاڵایەک ڕەنگین بە ناو جامانە ،هەوری و ئەو گوڵوەنیە چەند ڕەنگەیە کە بە نیشانەی تێپەڕبوونی ڕەشەمە و هاتنی سروشتێکی نوێ و ڕەنگین لە نیشتمانێک زامدار و خوێنبەخش، هەزاران گوڵی ڕەنگاوڕەنگ پێشکەش ئەکات. هێمایەک وەک ئاشتی و گەڕانەوە بۆ سروشتی کەونی کوردەواری و میترائیستیدا لە ڕەنگاوڕەنگی هەوریدا بە نشانەی ڕەمزی مقاومەت و هەبوون و مانەوە و بەهێزی بەدی دەکرێت و جامانەش وەک هێمای سەربەرزی و گەیشتن بە لوتکەی هەست و بەرخۆدانیی نەتەوەیەک بە ناوی کورد ، تاکی خەباتگێڕی ئەم نەتەوە هان دەدات کە درێژە بە ڕەوتی موبارزەو ویست و خواستی نیشتمانی و حەقخوازی خۆی بدات .لە کاتێکدا نەورۆزی هەوری، جامانە و گوڵی سوور بە ڕەمزی خاکی پۆشانی وڵاتەوە دەبینین، ئەم دیمەنە وەک هێمایەک بۆ موبارزە ،بەرخۆدان و سەربەرزی نەتەوەیەک دێتە بەرچاو و ڕەمزی مانەوە و ڕوو لەزیادبوون و بەرزکردنەوی ئاستی نەتەوەیی لە چاند و فەرهەنگی کوردیدا لە پیرۆزی نەورۆز ،ئاگر و نوێبوونەوە بەدی دەکەین. بۆیە گرنگ ئەوەیە ئەم هێماگەلە نەتەوەییە بە بەرزڕاگرتنی نەورۆزێک بۆ دەربازبوون لە هەموو چەشنە خەم و نەهامەتی و کارەسات بە شەکاوەبوونی ئاڵای ئاشتەوایی و حەقخوازی ،ڕەوتی خەباتی نەتەوەکەمان بەرەو پێش بچێت و بەرفراوانی ویستی گەلێک چەوساوە و خاوەن مێژوویەک پڕ لە چەرمەسەری، لە هەموو ڕەهەندێکدا وەک مافی ڕەوا و خەباتی بەرحەقی نەتەوەکەمان ،گرنگیەکی بەرز و بەنرخ بە وەرزی نوێی ژیان لە سەر ناوی خەبات و بەرخۆدانی ڕەوای نەتەوەیی و پراوپڕ لە هێمای موبارزە و داخوازی نەتەوەکەمان بدرێت.
ئاگری نەورۆز ،خاکی پۆشان ، جامانە و هەوری و هەموو جوانیەکی سروشت تێکەڵ بە پیرۆزییەکانی نەتەوەیەک وەک نیشتمان ، مۆبارزە، شەهید ،بەرخۆدان و هەبوون ،یەک بەیەک بەنرخ بزانرێت و مانا بکرێت. ئەو کاتەیە کە نەورۆز وەک ڕەمز و هێما و هەروەها جێژنیکی نەتەوەیی بە پێناسەیەکی نوێ دەکرێتە هێمای بەرخۆدان و خەباتی ڕەوای نەتەوەکەمان.