کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەرنەگرتنی بەرهەمی ئێرانی لەلایەن وڵاتانی ناوچەوە بەردەوامە

12:53 - 5 بەفرانبار 2721

دوای وەرنەگرتنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ئێران لە زۆربەی وڵاتانی ناوچەوە، ئەم جارە تورکمەنستان ڕێگری لە هاوردەکردنی سێوکی ئێران بۆ ئەو وڵاتە کرد.

"حەیدەر ساکن بورجی" سەرۆکی یەکیەتیی بارفرۆشانی مەشهەد لە بابەت هۆکاری وەرنەگرتنی سێوک ئێران لەلایەن تورکمەنستانەوە بە "تجارەت نیوز"ی ڕاگەیاندووە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دوای چنینەوەیان پێویستە لە دابڕگەدا بمێننەوە بەڵام دەرمان سەر بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ئێران دوای تێپەڕاندنی ئەو ماوەیەش هەر لەسەر بەرهەمەکان دەمێنێتەوە کە هەڕەشەیەکه بۆ سەر تەندروستیی مرۆڤ.

سەرۆکی یەکیەتیی بارفرۆشانی مەشهەد بە ئاماژەدان بە "چینـ"ـی و بێ کوالێتی‌بوونی ئەو دەرمانەی کە بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بەکار دەهێنرێت وتوویەتی؛ بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ئێران دوای تێپەڕاندنی قۆناخی دابڕگە دەبێ لە ئیدارەی ڕاگرتنی گژ و گیا و وەزارەتی تەندروستیی وڵاتانی مەبەست، مۆڵەت وەربگرن و لە ئەگەری گەڕانەوەی سەر لەنوێی بەرهەمە ئێرانییەکان، سیستمی دادوەری دەبێ بە کێشەکە ڕابگا.

"ساکن بورجی" وتوویەتی سێوک بۆ پاکستان هەناردە دەکەین بەڵام ئەمەوە لە حاڵێکدایە کە مانگی سەماوەز ئۆزبەکستان ٣٥٠٠ تۆن سێوکی هاوردەی لە ئێران و پاکستان گەڕاندبووە ئێران.

لەدەستچوونی بازاڕی جیهانیی بەرهەمەکان لە حاڵێکدا درێژەی هەیە کە مانگی ڕابردوو وڵاتی هیند هاوردەی "کیوی" لە "ئێرانـ"ـەوە ڕاگرت و وڵاتی "ڕووسیە"ش هاوردەی "بیببار"ی لە "ئێرانـ"ـەوە بۆ ئەو وڵاتە قەدەغە کرد.

سەرەتاکانی مانگی سەرماوەزی ئەمساڵ ٥٨٨ ڕیشە خورمای ناوچەکانی باشووری ئێران بەهۆی "نەبوونی مۆڵەتی تەندروستی" لە وڵاتی قەتەر گەڕاندەوە ئێران.