کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەرگرتنی پارەی ئیجباری ئیدارەی پەروەردە لە خوێندەوارانی کورد

14:56 - 25 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای ئورمیە لە بەخشنامەیەکدا، بڕەپارەیەکی بەرچاویان لە سەرپەرەستی قوتابیان داوا کردووە و ئەم داواکارییە، ناڕەزایەتی توندی سەرپەرەستی قوتابیانی لێکەوتەوە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کووردستان میدیا، لە ماوەی رابردوودا بە هاتنی وەرزی سەرماوسۆڵە لە کوردستان، شەپۆلی پارە ئەستاندن لەلایەن ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان لە قوتابیانی قوتابخانەکانی کوردستانی دەستی پێکردووە.

هەر لەم پەیوەندییەدا، ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای ئورمیە لە نامەیەکدا بە قوتابخانەکانی پارێزگای ئورمیە رایگەیاندووە کە بۆ دابینکردنی تێچووی قوتابخانەکان، پارە لە قوتابیان وەربگرن.

لەم پەیوەندییەدا، قوتابخانەی شۆرا لە قوتابیانی قوتابخانەکە داوای کردووە کە بڕی پارەی دیاری کراو لە نامەی هەنێردراو بۆ سەرپەرەستی قوتابیان وەک خەڵات بۆ قوتابخانە و دابین کردنی پێداویستیەکان رادەستی بەرپرسان بکەن.

دەوترێت کە ئەم کردەوەی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی رێژیمی ئێران و قوتابخانەکانی پارێزگای ئورمیە، نارەزایەتی سەرپەرەستی قوتابیانی لێکەوتووەتەوە.

هاووڵاتییەکی کورد هەر لەم پەیوەندییەدا بە هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیای راگەیاند: ئەو بڕە پارەیە کە لە ناو نامەکە نووسراوە زۆرتر لە توانایی دابینکردنی بنەماڵەکانی قوتابیانە.

بە پشت بەستن بە یەکێک لە نامە هەنێردراوەکان بۆ سەرپەرەستی قوتابیان کە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە، قوتابخانەی شۆرا بۆ قوتابیانی قوتابخانەی دیاری کردووە کە هەر کامیان دەبێ ٢٠٠ هەزار تمەن پارە بە ئیجبار بە قوتابخانە بدەن.

رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ناوچە کوردنشینەکان لە ژێر ناوی خەڵات بۆ قوتابخانە و بەڕێوەبردنی و دابین کردنی پێداویستەکان لە قوتابیان پارە وەردەگرن کە ئەمە لەگەڵ یاسای بارهێنان و مافی خوێندن، ناتەبایی هەیە.

11802.jpg

پێشتریش ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە راپۆرتێکدا باسی لە سەر خەرج کردنی یارمەتی خەڵک بۆ نۆژن‌کردنەوەی قوتابخانەکان، بۆ ئۆردووی راهیانی نوور، بڵاو کردووەتەوە.

بەپێی بەندی یەکی ماددەی ٢٦ی راگەیەنراوی جیهانیی مافی مرۆڤ بۆ پەروەردە و بارهێنانی بێ بەرانبەر و گشتگیر، هەموو کەسێک مافی پەروەردە و فێربوونی هەیە و ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان لانیکەم دەبێ پەروەردەی سەرەتایی و بنەڕەتیی بێبەرانبەر بۆ هاووڵاتییان تەرخان بکات.
بەشی \'\'ئەلف\'\' لە بەندی ٢ی ماددەی ١٣ی جاڕنامەی جیهانیی مافی ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و پەروەردەی بێ بەرانبەر، کە ئێران ساڵی ١٣٥٤ ناوەڕۆکی ئەو جاڕنامەیەی پەسند کردووە، دەڵێت: پەروەردە و بارهێنانی سەرەتایی دەبێ ئیجباری و بەبێ بەرانبەر بێت و تێکڕای کۆمەڵگا بە ئاسانی بتوانن لێی بەهرەمەند بن.

هەروەها له بەندی دووهەمی ئەسڵی سێیەمی یاسای بنەڕەتیی ئێراندا هاتووە: دەوڵەت ئەرکدارە تێکڕای ئیمکاناتی پەروەردە و بارهێنان بۆ هەموو ئاست و قۆناغەکانی خوێندن دابین بکات و هەروەها لە ئەسڵی ٣٠ی یاسای بنەڕەتیی ئێراندا هاتووە، دەوڵەت ئەرکدارە پێداویستییەکانی پەروەردە و بارهێنانی بێ بەرانبەر بۆ هەموو خەڵک هەتا کۆتایی قۆناغی دواناوەندی دابین بکات و خوێندنی باڵاش هەتا ئاستی خۆبژیویی وڵات بە شێوی بێ بەرانبەر پەرە پێ بدات.

دابین نەکردنی تێچووی قوتابخانە بۆ بارهێنان و پەروەردە لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بووەتە هۆی زۆر بوونی وەرگرتنی بڕی پارەی نەخت لە قوتابیان بە تایبەت لە قوتابخانەکانی کوردستان و هەروەها هاتنە خوارەوەی ئاستی حەقدەستی مامۆستایان.

هەر لەم پەیوەندییەدا، بەپێی راپۆرتە بڵاوکراوەکان لەلایەن هەواڵدەرییە نێوخۆییەکان، لانیکەم شەش هەزار مامۆستا لە سەرتاسەری ئێران لە ژێر هێڵی هەژاریدان.

ئەم مامۆستایانە بە کۆکردنەوەی واژو لە بەرپرسانی رێژیمی ئێران داوایان کردووە کە کێشەی ئابووری ئەوان چارەسەر بکەن.

لەم نامەیەدا کە بۆ سەرکۆماری رێژیمی ئێران نووسراوە هاتووە کە: زۆربەی مامۆستایان لە ئێران لە ژێر هێڵی هەژاری و دەستکورتی بە سەر دەبەن، کەرامەتیان شکاوە و هیچ پاڵنەرێکیان بۆ کار و پیشەیان نەماوە.

کۆکردنەوەی واژو لە ناو سکاڵانامەیەکدا کە لەلایەن نوێنەرانی ناوەندی پیشەیی مامۆستایانی سنە، هەمەدان و تاران بە مەجلیسی رێژیم دراوە و پێشتریش یەکیەتی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران بە نامەی واژو لە سیاسەتی حەسەن رۆحانی لە بەرانبەری نیزامی پەروەردە و بارهێنان رەخنەیان گرتووە.

کێشەی ئابووری و بژێوی ژیانی مامۆستایان و نەبوونی پشتیوانیی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی وەک بیمەی تەکمیلی و بیمەی دەرمانی، ، ئەمنییەتی پیشەیی مامۆستایانی لە ئاستی جۆراوجۆردا تووشی کێشە کردووە.