
لە ساڵی ڕابردوودا ٢٦ تانکێری هەڵگری سووتەمەنی لە سنە وەرگەڕاون کە بەنیسبەت ساڵی ڕابردوو ١٧ حاڵەت زیاتر تۆمار کراوە.
زۆربەی ئەو تانکێرانە لە ڕێگاکانی سنە بۆ مەریوان وەرگەڕاون و هۆکارەکەی بۆ خراپیی ڕێگاوبانەکان دەگەڕێتەوە.
لە سەرەتای ساڵی نوێی کوردی دوو تانکێری هەڵگری سووتەمەنی لە ڕێگای سنه بۆ کامێران وەرگەڕاون.
لەو ڕووداوانەدا یان تانکێرەکان ئاگریان گرتووە یان نەوت و مازووتەکەیان هەمووی ڕژاوەتە نێو ژینگە کە زیانێکی قەرەبوونەکراوی بە ژینگە گەیاندووە.
ساڵی ٩٨ لە شاری سنە لە ئەنجامی پێکدادانی تانکێرێکی هەڵگری سووتەمەنی لەگەڵ ئووتووبووسێکدا ٣٠ هاووڵاتی گیانیان لەدەست دا.
ڕێگاوبانەکانی سنە و بەتایبەت ڕێگەی سنە بۆ مەریوان کە بە جادەی مەرگ ناسراوە، زۆر ناستانداردن و ساڵانە کوژرانی چەندین هاووڵاتیی لێ دەکەوێتەوە.
تانکێرەکانی هەڵگری سووتەمەنی لە شارەکانی کوردستان تا ئێستا چەندین کارەساتی دڵتەزێنیان خولقاندووە. کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران و وەزارەتی ڕێگاوبان هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەریی ئەو کێشەیە هەڵناگرن.