کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزارەتی دەرەوەی فەرانسە: رێژیمی ئێران لە نائارامییەکانی کەرتی غەزە بەرپرسیارە

19:12 - 1 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: وەزیری دەرەوەی فەرانسە رێژیمی تارانی بە بەرپرسی سەرەکیی شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی غەزە لەقەڵەم دا.


لوران فابیووس وتی: ئەو چەک و تەقەمەنیانەی کە لەدەستی گرووپی حەماس دایە دروست کراوی ئێرانن و ئەو رێژیمەی بە تاوانباری سەرەکیی نائارامییەکان وەسف کرد.
فایبووس لە سەدانێکدا بۆ کەرتی غەزە رایگەیاند، لەو شەڕەدا گرووپی حەماس کەڵکی لە مووشەکەکێکی دوورهاوێژ وەرگرتووە کە لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە دروست کراوە.
مووشەکی فجر ــ ٥ دروست کراوی ئێران و توانای پێکانی ئامانجەکانی هەتا مەودای ٧٥ کیلۆمیتری هەیە و گرووپی حەماس خاوەنی ١٠٠ دانە لەو مووشەکانەیە.
حەماس لەم دواییانەدا و لە کاتی شەڕ لەگەڵ ئەرتشی ئیسراییل ئەو مووشەکانەی بەکار هێناوە، بەپێی وتەکانی کارناسانی نیزامیی تەنیا کەسانێکی زۆر شارەزا و مەشقی پێکراو دەتوانن مووشەکی فجر ــ ٥ بەکار بێنن.
لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی وڵاتی فەرانسە لە کاتێک دایە کە تونی بلێر سەرۆک وەزیرانی پێشووی بریتانیا پشتیوانییە نیزامییەکانی رێژیمی ئێرانی لە حەماس پژڕاست کردۆتەوە.
ناوەندە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسراییل رایانگەیاندووە، ئەو مووشەکانە لە ئێرانەوە رەوانەی سوودان دەکرێن و دواتر دەبردرێنە وڵاتی میسر و دەست و پێوەندییەکانی حەماس لەوێ‌ ئەو مووشەکانە پارچە پارچە دەکەن و لە رێگا نەهێنییە ژێر زەوییەکانەوە دەیبەنە فەلستین و لەئاکامدا بەدەستی حەماس دەگات.