کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیم لەسەفەرەکەی بەشار ئەسەد بێ ئاگا بووە

13:05 - 14 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە، کە وەزارەتی دەرەوە لە سەفەرەکەی بەشار ئەسەد بۆ ئێران بێ ئاگا بووە.

ڕۆژی دووشەممە ١٣ی ڕەشەممە، هەندێک لە میدیاکانی سەر بە ڕێژیم لە زاری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیم بڵاویان کردبووەوە، کە یەکێک لە هۆکارەکانی بڕیاری دەست لەکار کێشانەوەی محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێرانیان بە ئاگادار نەکردنەوەی لە سەفەرەکەی بەشار ئەسەد، سەرکۆماری ڕێژیمی سووریە بۆ ئێران وەسف کردبوو.

قاسمی وتبووی: "ئەم ڕووداوە ڕاستییەکی تاڵ بووە کە تەنیا کەسانێکی دیار جگە لە وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران ئاگاداری ئەم سەفەرە بوون و وەزارەتی دەرەوە لە هیچ ئاستێکدا ئاگاداری نەبووە".

هەروەها وتەبێژەی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران لە بەشێكی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوەکردبوو: کە یەکێک لە هۆکارەکانی بڕیاری دەست لەکارکێشانەوەکەی محەممەد جواد زەریف، بۆ بێ ئاگایی لەم سەفەرە دەگەڕێتەوە".

هەر لەم ڕاستایەدا ڕۆژی ڕابردوو  زەریف لە قسەکانیدا، ئاماژەی بە هەمان شت کردبوو و ڕایگەیاندبوو: کە ڕازی نابن لە سەحنەی پێوەندییەکانی دەرەوەدا دەریان بکەن.

وێدەچێت ئاگادار نەکردنەوەی زەریف لە سەفەرەکەی بەشار ئەسەد بۆ وڵاتی ئێران تەنیا هۆکاری بڕیاری دەست لەکارکێشانەوەکەی بێت. بەشێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا بەرپرسانی باڵای ڕێژیمی ئیسلامی ئێران ئەوە دەردەخەن کە هیچ باوەڕێکیان بە پرنسیپە نێودەوڵەتییەکان نییە و بەو شێوەیە ڕەفتار دەکەن کە خۆیان دەیانهەوێت، هەروەها کاربەدەستانی ڕێژیم بڕیاری دەست لەکارکێشانەوە وەک هەڕەشەیەک بۆ بەرپرسانی باڵای خۆیان بەکاری دەهێنن.

محەممەد جەواد زەریف، شەوی ٧ی ڕەشەممە، لە پۆستێکی ئینستاگرامیدا بڕیاری دەست لەکارکێشانەوەی خۆی ڕاگەیاند، بەڵام بەرپرسانی باڵای ڕێژیم ئەم بڕیارەی وەزیری دەرەوەی ڕێژیمیان پەسەند نەکرد.