کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە سەر قسەکانی حەسەن ڕۆحانی ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

17:33 - 7 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سەر قسەکانی حەسەن ڕۆحانی لە کۆنفرانسی بەناو وەحدەتی ئیسلامی لە تاران، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕویتێرز، ڕۆژی سێشەممە ۶ی سەرماوەز بەرانبەر بە ۲۷ی نۆڤامبر، وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە سەر قسەکانی حەسەن ڕۆحانی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران لە کۆنفرانسی بەناو وەحدەتی ئیسلامی لە تاران، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و حەسەن ڕۆحانی بە ئاژاوەگێڕ وەسف کرد.

حەسەن ڕۆحانی، سەرکۆماری ڕێژیم، لەم کۆنفرانسەدا کە ڕۆژی شەممە ۳ی سەرماوەزی ۱۳۹۷ی هەتاوی لە ژێر ناوی "وەحدەتی ئیسلامیی" لە شاری تاران بەڕێوە چوو، لە چەند بەشێکی قسەکانیدا ئیسراییلی بە شێرپەنجە لە ناوچەکەدا وەسف کرد و وتی: "گرینگترین دەسکەوتی شەڕی جیهانی دووهەم، دروست کردنی لکێکی شێرپەنجە لە ناوچەکەدا بوو...، هێزێکیان لە ناوچەکە جێگیر کردووە تاکوو گوێلەمست و پەیڕەوی بڕیارەکانی ڕۆژاوا لەو ناوچەیەدا بێت...، ڕێژیمی دەستکردی ئیسراییلیان دامەزراند و نەتەوەی مێژوویی فەلەستین دەکوژن و ئاوارە دەکەن...، بە گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئەمریکا بۆ بەیتولموقەدەس، ئەمریکا لە ڕادەبەدەر دوژمنایەتی بەرانبەر بە جیهانی ئیسلام نیشان داوە".

مایک پۆمپێئۆ لە بەشێکی ئەو ڕاگەیەندراوەدا دژەکردەوەی بەرانبەر بە قسەکانی حەسەن ڕۆحانی نیشان داوە و جەختی لە سەر دوژمنایەتی دەسەڵاتی ئێران لەگەڵ ئیسراییل و ئەمریکا دووپات کردەوە و ڕایگەیاند: "ڕۆحانی لەو کۆنفرانسەدا، موسوڵمانی سەرانسەری جیهانی بە دژی ویلایەتە یەکگرتووەکان هان داوە. ئاکامی ئەم هەوڵە مەترسیدار و نابەرپرسیارانەیە  بریتییە لە زۆرتربوونی دوورەپەرێزی ئێران. ئەم قسانە دەبنە هۆکاری گوشاری زیاتری دوورەپەرێزی ڕێژیم."

وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەیدا نووسیویەتی؛ خەڵکی ئێران لەگەڵ دەوڵەتەکەیاندا ناتەبان، دەوڵەتی ڕێژیمی ئێران لە سی‌ونۆ (۳۹) ساڵی ڕابردوودا نوێنەرێکی خراپ بووە بۆ خەڵکانی ئەو وڵاتە و لە هەمانکاتدا بە شێوەیەکی دیکتاتۆرانە بە سەر ئەو خەڵکەدا حکوومەتی کردووە.