
وەزیری پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیمی ئێران لە وڵامی ناڕەزایەتیی مامۆستایان بەرانبەر بە کەمی و پێنەدانی مووچەکانیان ڕایگەیاندووە ئەگەر لە مووچەکانتان ناڕازین گرێبەست واژۆ مەکەن.
"موحسێن حاجی میرزایی"، وەزیری پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم، ڕێکەوتی ١٠ی خەزەڵوەر لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بەرانبەر بە ناڕەزایەتیی مامۆستایانی قوتابخانە وتوویەتی: "واتای مووچەیەک کە وەریدەگرین ئەوەیە کە ئێمە ئەم خزمەتە بە تەواوەتی دەکەین، هەر کەسێک قەبووڵی نییە نابێ ئەو گرێبەسته واژۆ بکات و کەسێکیش واژۆی کردووە پێوەندی بە هیچ فاکتۆرێکی دیکەوە نییە".
"حاجی میرزایی" لەدرێژەدا وتوویەتی: "ئەگەر ناتوانین لەژێر ئەرکی ئەو بەرپرسایەتییەدا ڕاوەستین با بچینە لاوە، هاتووینەتە کایەیەکی گەورەوە و خوازراو و نەخوازراو بەڵگەیەکی گرینگمان واژۆ کردووە، فڵانی چاک هەڵسوکەوتی کرد یان خراپ، مووچەکەمانیان درەنگ یا زوو پێداین یا کەم و زۆر بوو پێوەر نییە، چون قبووڵتان کردووە و دەتوانن قبووڵ نەکەن، کەس ناچاری نەکردوون".
ئەو قسانەی وەزیری پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم شەپۆلێک لە ناڕەزایەتیی مامۆستایانی قوتابخانەکانی بەدواوە بووە.
پاش ناڕەزایەتیی مامۆستایانی قوتابخانەکان، "حاجی میرزایی" بۆ پاساوهێنانەوە بۆ قسەکانی بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک لە تویتێری خۆیدا لە قسەکانی پاشگەز بووەتەوە و وتوویەتی ڕووی قسەی من لە بەڕێوەبەران و جێگرانی گشتی بووە.
بەرپرسانی ڕێژیم لەجیاتی دۆزینەوەی ڕێکاری دروست و گونجاو و چارەسەریی کێشەی مامۆستایان خۆیان لە کێشەکان دوور دەخەنەوە و داواکان بە ناڕەوا دەبینن.