کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران: بکەری سەرەکیی هێرشی نەتەنز لە ئێران هەڵاتووە

18:32 - 28 خاکەلێوه 2721

وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران حەوتوویەک دوای تەقینەوە لە دامەزراوەی ناوکیی نەتەنز، کەسێکی وەکوو هۆکاری سەرەکیی ئەو ڕووداوە ناساندووە و باس لەوە دەکات کە ئەو کەسە لە ئێران هەڵاتووە.

ئەو کەسە بە ناوی ''ڕەزا کەریمی'' ٤٣ ساڵە و خەڵکی کاشان ناسێندراوە.

پێشتر ماڵپەڕی ''نوور نیووز'' کە سەر بە شورای باڵای ئەمنییەتی میللیی ڕێژیمی ئێرانە لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردبوو کە وەزارەتی ئیلاعات هۆکاری سەرەکیی ئەو هێرشەی ناساندووە و هەوڵەکان بۆ دەسبەسەرکردنی ناوبرا لە حاڵی ئەنجام دان.

پێشتریش لە ڕووداوی کوژرانی ''موحسێن فەخریزادە'' زانای ناوکیی ئێران کە مانگی سەرماوەزی ساڵی ٩٩ لە ئابسەردی دەماوەند کوژرا، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران باسیان لە کەسێک کردبوو کە دەستی لە کوژرانی فەخریزادەدا هەبووە و لە ئێران هەڵاتووە.

ئەمە دووەمین هێرش بۆ سەر دامەزراوەی ناوکیی نەتەنزە، ''موحسێن ڕەزایی'' بەرپرسی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیم وتبووی: ''ئێران بە شێوەی بەربڵاو لە بواری ئەمنییەتییەوە تووشی کێشە بووە و نموونەکەی ئەوەیە کە لە ماوەی کەمتر لە یەک ساڵدا، سێ ڕووداوی ئەمنییەتی وەکوو دوو تەقینەوە و تێرۆرێک ڕووی داوە''.

ناوبراو یەکەم بەرپرسی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانە کە دوای چەندین ساڵ دان بەوەدا دەنێت کە بەڵگە نهێنییەکان دزراون.