کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری بەرگریی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی کە بۆ هەموو شوێنێک چەک ڕەوانە دەکەن

12:43 - 4 خەرمانان 2720

وەزیری بەرگریی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی، لە دوای هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆوە چەکوچۆڵییەکانی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئێران، چەک ڕەوانەی هەموو شوێنێک دەکەین.

"ئەمیر حاتەمی" وەزیری بەرگریی ڕێژیمی ئێران کە بۆ وتووێژ لەگەڵ ڕێبەرانی ڕووسیە لەبارەی هاوکاریی نیزامییەوە سەردانی ئەو وڵاتەی کردووە وتوویەتی: "هاوکاری لە بواری نیزامی یەکێک لە ڕهەندەکانی هاوکاریی نێوان ئێران و ڕووسیەیە".

"حاتەمی" ئاماژەی بەوە کردووە، کڕینی چەکوچۆڵی نیزامی یەکێک لە خاڵەکانی ڕێککەوتننامەی نێوان ئەو دوو وڵاتەیە و بەرنامەی مووشەکیی ئێران بۆ دژایەتی لەگەڵ ئامریکا و ئیسرائیلە.

ئەو وەزیرەی ڕێژیمی ئێران لە قسەکانیدا باسی لەوە کردووە: "لە دوای کۆتاییهاتنی گەمارۆوە چەکوچۆڵییەکانی ئێران لەلایەن شورای تەناهیی نێونەتەوەییەوە، بەشێک لە چەکوچۆڵەکانمان هەناردەی دەرەوە دەکەین".

"ئەمیر حاتەمی" لە جێگایەکی دیکە لە قسەکانیدا وتوویەتی: "ئێران هاوشێوەی ئامریکا هێرشی ترسنۆکانە ناکاتە سەر فڕۆکەی موسافربەری".

ئەمە لە حاڵێکدایە کە لە ڕێکەوتی ١٨ی بەفرانباری ساڵی ٩٨ی هەتاوی فڕۆکەی بووئینگی ٧٣٧ی هێڵی ئاسمانیی ئۆکراین، لەلایەن پەدافەندی ئاسمانیی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە کرایە ئامانج و کەوتە خوارەوە و لە ئەنجامدا ١٧٦ موسافیری ئەو فڕۆکەیە گیانیان لەدەست دا.

ڕێژیمی ئێران سەرەتا نکۆڵیی لەو ڕووداوە کردبوو و دواتر دانی بەوەدا نا کە سپای پاسداران بە مووشەک ئەو فڕۆکەیەی کردووەتە ئامانج.