کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری تەندروستیی ڕێژیمی ئێران: ئەو پێکوتانەی لەهستان بۆی ناردبووین گەڕاندماننەوە چونکە ئامریکایی بوون

10:10 - 3 رەشەمه 2721

"بەهرام عەینوڵڵلاهی" وەزیری تەندروستیی ڕێژیمی ئێران، لە نامەیەکدا داوای لە سەرۆکی گشتیی گومرۆک کردووە کە ئەو پێکوتانەی کە لەلایەن وڵاتی "لەهستانـ"ـەوە بە دیاری دراون بە ئێران بگەڕێننەوە.

"عەینوڵڵاهی" لە درێژەی نامەکەیدا نووسیویەتی: "ڕێژەی ٨٢٠ هەزار دۆز لەو پێکوتانەی کە بە دیاری بە ئێمە دراوە لە ڕێگەی نایاساییەوە هاتوونەتە نێو ئێران".

ئەو کاربەدەستەی تەندروستیی ڕێژیم سەبارەت بە ئەو سەرچاوە نایاساییە شتێکی زیاتری نەوتووە، بەڵام بە هەواڵدەریی "فارسـ"ـی سەر بە ڕێژیمی وتووە کە ئەو پێکوتانە لە جۆری "ئاسترانزاکا و ئامریکا"یی بوون.

هەروەها "محەممەد هاشمی" سەرپەرستی پەیوەندیی گشتیی وەزارەتی تەندروستی ئەو هەواڵەی پشتڕاست کردووەتەوە و وتوویەتی: "لە دوای ئەوەیکە ١ ملیۆن دۆز پێکوتەی کۆرۆنامان لە لەهستان وەرگرت زانیمان کە بە پێچەوانەی بەڵگە سەرەتاییەکان، ٨٢٠ دۆز هەزار لە ناوچەی پەیوەندیدار بە ئامریکاوە هاتوون".

ئەو هەوڵەی بەرپرسانی ڕێژیم لە حاڵێکدایە کە ئەو پێکوتانە گەڕێندراونەتەوە لەگەڵ باری نوێی پێکوتەی "ئاسترانزانکا" بەرهەمی یەک شیرکەتن بەڵام بەپرسانی ڕێژیم بەهۆی فەرمانی "عەلی خامنەیی" ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، ناتوانن پێکوتەیەک کە لە سەرچاوەیەکی ئامریکایی دابین کراوە وەربگرن.

عەلی خامنەیی ساڵی ١٣٩٩ لە حاڵێکدا کە لێدانی پێکوتەی گشتی لە هەموو وڵاتان بەڕێوە دەچوو، هاوردەکردنی پێکوتەی جێی متمانەی "ئامریکا و ئینگلیسـ"ـی قەدەغە کرد کە بووە هۆی پەرەسەندنی زیاتری پەتای کۆرۆنا و خەڵکێکی زۆر گیانیان لەدەست دا.