کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری تەندروستی لە نامەیەکدا داوای لە خامنەیی کردووە کە بۆ ماوەی دوو حەوتوو ئێران دابخرێت

12:35 - 11 گەلاوێژ 2721

''سەعید نەمەکی'' وەزیری تەندروستیی ڕێژیمی ئێران ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی گەلاوێژ، لە نامەیەکدا بۆ ''عەلی خامنەیی'' ڕێبەری ڕێژیمی ئێران داوای کردووە کە ناوبراو و شورای باڵای ئەمنییەتی میللی لەمەڕ دۆخی نالەباری کۆرۆنا بڕیار بدەن.

لە نامەی ''سەعید نەمەکی''دا هاتووە، ڕەنگە داخران بۆ ماوەی دوو حەوتوو و کەڵکوەرگرتن لە هێزە نیزامییەکان بە مەبەستی هەڵسوکەوتی توند لەگەڵ ئەو کەسانەی کە ڕێکارە تەندروستییەکان پێشێل دەکەن، یارمەتیدەر بێت.

ناوبراو وەرگەڕخستنی هەموو ئیمکاناتی ئەو وڵاتەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی جیددی لەگەڵ ئەو پەتایە بە پێویست زانیوە.

وەزیری تەندروستی لە کۆتایی ڕۆژەکانی دەوڵەتی دوازدەهەم هۆشداریی دا کە وەدرەنگخستنی بڕیاردان لەو بارەوە، ڕەهەندی کارەساتەکە زیاتر دەکات.

نامەی ناوبراو لە حاڵێکدا بۆ ''عەلی خامنەیی'' نووسراوە کە لە کاتی تەشەنەسەندنی پەتای کۆرۆنا دەیان جار پزیشکانی ئێران داوای قەرەنتینەکردنی شارەکانیان دەکرد، بەڵام ڕێژیم بە مەبەستی سیاسی لەو پەتایە کەڵکی وەردەگرت.

کەمتەرخەمیی بەرپرسان و پشتگوێخستنی مەترسییەکانی ئەو نەخۆشییە بوو بەهۆی ئەوەیکە ئێران ببێتە یەکێک لە ناوەندەکانی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا و گواستنەوەی بۆ وڵاتانی دراوسێ.

لەلایەکی دیکەوە هاوکارینەکردنی ڕێژیم لەگەڵ وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان بۆ دابینکردنی کەرەستە و دەرمانی پێویست، بوو بەهۆی ئەوەیکە زۆر کەس لە ئێران گیانیان لەدەست بدەن.