کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری دەرەوەی ئامریکا هۆشداری دایە وڵاتانی ئورووپایی

11:00 - 11 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئامریکا وێڕای بڵاوکردنەوەی هەواڵی تاقیکاری مووشەکی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە هۆشداری جیددی دایە وڵاتانی ئورووپایی و ڕایگەیاند: تاران بڕیارنامەکانی شۆرای ئەمنیەتی پێشێل کردووە.

مایک پۆمپێئۆ لە تویتێکدا نووسیویەتی: کۆماری ئیسلامی مووشەکێکی نێونجبڕی بالستیکی تاقی کردەوە کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ناوکی هەیە و دەتوانێ بەهۆی ئەم مووشەکەوە بەشێک لە وڵاتانی ئورووپایی و تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناڤین بکاتە ئامانج.

بەوتەی پۆمپێئۆ ئەم تاقیکارییە پێشێلکردنی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی شۆرای ئەمنیەتی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە کۆماری ئیسلامی لە هەرچەشنە چالاکییەکی پێوەندیدار بە ئەو مووشەکانەی توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ناوکییان هەیە مەنع کردووە.

ناوبراو نووسیویەتی: ئێمە هەرچەشنە هەنگاوێکی لەم چەشنە مەحکووم دەکەین و داوا لە تاران دەکەین کە واز لەم جۆرە هەوڵانە بهێنێت.

هاوکات جان بۆڵتن ڕاوێژکاری ئەمنیەتی نیشتمانی سەرۆکی ئامریکا وێڕای ئاماژەدان بە تاقیکارییە مووشەکییەکەی ئێران لە تویتێکدا نووسیویەتی: ئەم مووشەکە دەتوانێ ئورووپا و ئیسرائیل بکاتە ئامانج و ئەمەش جێگەی لێخۆشبوون و قبوول کردن نییە.