کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری دەرەوەی ئاڵمان: ئێمە باوەڕمان بە ئێران نییە

11:27 - 23 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: وەزیری کاروباری دەرەوەی وڵاتی ئاڵمان ڕایگەیاند، کە ئێمە باوەڕمان بە ڕێژیمی ئێران نییە و پێویستمان بە ڕێککەوتنی بەرنامەی ناوکی هەیە.

ڕادیۆ دەنگی فەڕانسە، ڕۆژی یەکشەممە، ۲۲ی بانەمەڕ، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، کە "هایکو ماس"، وەزیری کاروباری دەرەوەی وڵاتی ئاڵمان، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "بیڵد یەکشەممە"، ڕایگەیاندووە، کە وڵاتی ئاڵمان باوەڕی بە ڕێژیمی ئێران نییە و ئاڵمان پێویستی بە ڕێککەوتنی ناوکی هەیە.

هایکو ماس، لە بەشێکی وتووێژەکەیدا، وتوویەتی: "بە ڕاستی ئێمە بەو بۆنەوە باوەڕمان بە ئێران نییە، کە پێویستمان به ڕێککەوتنی ناوکی هەیە، ئەوەش لە هەر حاڵەتێکدا دڵنیاترین ڕێگایە بۆ پێشگرتن بە دروستکردنی چەکی ناوکی لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە".

وەزیری کاروباری دەرەوەی ئاڵمان، لە بەشێکی تری وتووێژەکەیدا ڕایگەیاندووە: بۆ ڕێکارێکی ڕوون بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی بەرنامەی ناوکی ڕێژیمی ئێران، ئێمە لە ڕێگاگەلێکی باشتر لە هەڕەشە بە ئاکام دەگەین.

لەم پەیوەندییەدا، جیا لەوەی کە وڵاتی ئاڵمان گەمارۆی خستووەتە سەر چەند کۆمپانیایەکی ڕێژیمی ئێران، لە ڕۆژانی ڕابردووشدا ناوەندی ئاماری ژووری بازرگانیی وڵاتی ئاڵمان ڕایگەیاندووە، کە بە هۆکاری گەمارۆوەکانی سەر ئەو ڕێژیمە لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکاوە، پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان وڵاتی ئاڵمان و ڕێژیمی ئێران بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە.

واتە لە ڕێژەی زیاتر لە ۱۵۰ کۆمپانیای جۆراوجۆری ئاڵمانی کە لە ساڵانی ڕابردوودا گرێبەستی بارزگانی و ئابوورییان لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا واژۆ کردبوو و لە بازاڕەکانی ئێراندا بوونیان هەبووە، زیاتر لە ۹۰ کۆمپانیا لە وڵاتی ئێراندا کشاونەتەوە و لە ئێستادا تەنیا کەمتر لە ۶۰ کۆمپانیای ئەو وڵاتە لە بازاڕەکانی ئێراندا ماونەتەوە، کە ئەو ڕێژەیەش ڕووی لە کەمبوونە.