کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری دەرەوەی بەحرەین: مەترسی ئێران بۆ وڵاتانی عەرەبی لە مەترسی داعش کەمتر نیە

20:37 - 11 خەزەڵوەر 2715

کوردستان میدیا: وەزیری دەرەوەی بەحرەین ڕایگەیاند کە مەترسی ڕێژیمی ئێران بۆ وڵاتانی عەرەبی کەمتر لە داعش نیە و بەنیسبەت ئەم مسەلەوە هۆشداری دا.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بڵاو بوونەتەوە، شێخ خالید بن ئەحمەد ئالی خەلیفە وەزیری دەرەوەی بەحرەین، ڕۆژی شەممە ٩ی خەزەڵوەری ١٣٩٤ی هەتاوی، لە کۆنفرانسی ساڵانەی ئەمنییەتی _ ناوچەیی ڕایگەیاند کە مەترسی کردەوە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتانی عەرەبیدا کەمتر نیە لە مەترسی داعش.

شەیخ خالید ، وەزیری دەرەوەی بەحرەین کە لە کۆنفرانسی ساڵانەی ئەمنیەتی _ ناوچەیی ئاخێوی مەنامە قسەی دەکرد وتی: کردەوەکان و هەڵسوکەوتی ئێران کەمتر نیە لە مەترسییەکانی داعش.

خالید بن ئەحمەد ئێرانی بە ناردنی چەک و چۆڵ بەمەبەستی تێکدانی دۆخی وڵاتانی عەرەبی بەتایبەت بەحرەین تۆمەتبار کرد.

هەر لەو بوارەدا، ئانتۆنی بلینکن جێگری وەزیری دەرەوەی ئامریکا لە لێدوانێکدا وتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا سەرەڕای رێکەوتنی ناوکی لەگەڵ ئێران، بەڵام هێشتا هەڵسوکەوتە ناپەسەندەکانی ئێران بەتایبەت لە پەیوەندی لەگەڵ پشتیوانی لەگەڵ تیرۆریزم لەناوچەدا چاوەدێری دەکات.

ڕێژیمی بەناو ئیسلامیی ئێران بەمەبەستی دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی دیکە، چەندین جار کەسانی گرێدراوی خۆی بە مەبەستی سیخۆری بۆ وڵاتانی دیکە وەکوو؛ عەرەبستان، یەمەن، نیجریا، ئەفغانستان و چەندین وڵاتی دیکە ناردووە کە دەستبەسەر کراون.

لەماوەی ڕابردوودا ، دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لەچوارچێوەی یارمەتی چەکووچۆڵ، ماڵی و راهێنانی سەربازی بۆ گرووپە نیزامییەکان و هەروەها چوونە سەرەوەی باندەکانی سیخۆری ئێران لەوڵاتانی ناوچەدا بەتەواوەتی بەرچاو و دیارە.

ڕێژیمی ئێران لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لەلایەن زۆربەی وڵاتانی ناوچەوە بە دەستێوەردان لەکارووباری وڵاتانی دیکە تاوانبار کراوە.