"ئەحمەد وەحیدی" وەزیری وڵات لە دەوڵەتی "ڕەئیسی" لە دانیشتنی بەڕێوەبەرانی گشتیی کاروباری ژنان و بنەماڵەی پارێزگارییەکانی سەرتاسەری ئێران لە دەوڵەتی سێزدەهەم وتوویەتی: "ئەگەر ئینقلاب زیانی بەربکەوێت ئەوە لەلایەن ژنانەوە زیانی بەردەکەوێت".
"وەحیدی" بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە ڕۆڵی ژنان لە پیاوان گرینگترە، بیر و بۆچوونی فێمێنیستانەی بە هۆکاری سەرکوت و لاوازکردنی ژن لە شوێن و پێگەیان زانی.
ئەو قسانەی "ئەحمەد وەحیدی" لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دژکردەوەیەکی زۆری لێ کەوتووەتەوە.
"جاوید ڕەحمان" ڕاپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پەیوەندی لەگەڵ مافی مرۆڤ لە ئێران وتبووی: "ڕێژیمی ئێران وەکوو شارۆمەندی پلە دووەم لەگەڵ ژنان و کچان هەڵسوکەوت دەکات".
ناوبراو ئاماژەی بە توندوتیژیی سیستماتیک دژی ژنان و هەروەها هاوسەرگیریکردنی منداڵانی تەمەن ١٠ هەتا ١٤ ساڵە و تەنانەت داکشانی ئەو تەمەنە بۆ ژێر ١٠ ساڵ کردووە.