کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری پێشووی ئیتلاعاتی ڕێژیم بیرۆکەی کوشتنی دژبەرانی ڕێژیمی ئێرانی ئاشکرا کرد

11:41 - 5 رەشەمه 2720

''عەلی یونسی'' وەزیری پێشووی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران لە سەردەمی سەرکۆماریی ''محەممەد خاتمی'' لە وتوویژێکدا باسی لەوە کرد کە کەسانێک لە ناوەندە ئیتلاعاتی و ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لەسەر ئەو باوەڕەن کە دژبەرانی ڕێژیمی ئێران دەبێ بە کەمترین تێچوو لەنێو ببرێن.

''یونسی'' لەو وتووێژەدا بە ڕاشکاوی وتوویەتی: ''لەنێو وەزارەتی ئیتلاعات چەند بیرۆکە هەبوو، بیرۆکەیەک ئەوە بوو کە دەبێ نەیارانی ڕێژیم بە کەمترین تێچوو لەنێو ببرێن، ئێستاش لەنێو وەزارەتی ئیتلاعات کەسانێک هەر لەسەر ئەو باوەڕەدان، کەسانێک ئەوەیان ئیسلامیزەش کرد کە ئەم شێوازە، شیوازێکی دروست، کەم تێچوو و بێ مەترسییە".

وەزیری پێشووی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران ڕەخنەی لە بیر و بۆچوونەکانی ''مسباح یەزدی'' گرت و بە ئاشکرا ناوبراوی بە تیۆریسییەن و ئیسلامیزەکردنی تێرۆری دژبەرانی ڕێژیمی ئێران تۆمەتبار کرد.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە سەرەتای دامەزرانی ئەو ڕێژیمە هەتا ئێستا هەر چەشنە تێرۆر و لەنێوبردنی دژبەران و جیابیرانی خۆیان دەخستە ئەستۆی هێزە سەرەڕۆکان، ئەمە یەکەم جارە کە بەرپرسێکی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران باس لە کوشتنی سیستماتیکی جیابیران لەلایەن ناوەندە ئیتلاعاتییەکان دەکات.

زۆرێک لە چالاکانی سیاسی لەسەر سیستماتیکبوونی کوشتنی جیابیران و نەیارانی ڕێژیمی ئێران لەلایەن ناوەندە ئیتلاعاتییەکان جەخت دەکەنەوە و وەپاڵدانی ئەو جینایەتانە بۆ سەر کەسانی سەرەڕۆ بە خۆپەڕاندنەوە و هەڵاتن لە بەرپرسیاریەتیی کوشتنی جیابیران دەزانن.

چالاکانی سیاسی لەسەر ئەو باوەڕەن کە کەسانی سەرەڕۆ نەتەنیا سزا نەدران بەڵکوو لە ئاستی باڵادا پلە و پایەی گەورەیان پێ دراوە.