کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری "ئیرتباتاتـ"ـی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی، نزیکەی ٧٠ لەسەدی ئینتێرنێتی میللی لە ئەمساڵدا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە

16:55 - 23 خاکەلێوه 2722

''عیسا زارع‌پوور'' وەزیری ئیرتباتات و تێکنۆلۆژیی زانیاریی ڕێژیمی ئێران ڕۆژی دووشمەممە ٢٢ی خاکەلێوە دوای دانیشتنی کۆمیسیۆنی پیشە و کانگاکان وتوویەتی، بەڕێوەبردنی فازە جیاوازەکانی تۆڕی میللیی زانیاری یەکێک لە سەرەکیترین بەرنامەکانی ئەو وەزارەتخانەیە.

ناوبراو وتوویەتی کە لە ئەمساڵدا نزیکەی ٧٠ لەسەدی تۆڕی میللیی زانیارییەکان دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو، ''محەممەد باقر قاڵیباف'' سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران وتبووی: ''دامەزراندنی تۆڕی میللیی زانیاری لە ئێران لە نانی شەو پێویستترە".

ناوبراو ژێرخانەکانی تۆڕی میللیی زانیاریی بە یەکێک لە گرینگترین بابەتەکانی ئێران ناو لێ بردبوو و باسی لەوەش کردبوو کە وەزیری پەیوەندییەکان بەڵێنیی داوە کە ئەو کارە بەئەنجام بگەیەنێت.

گەڵاڵەی سنووردارکردنی ئینتێرنێت لە حاڵێکدایە کە ''عەلی خامنەیی'' ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، پێشتر داوای لە کاربەدەستانی ڕێژیم کردبوو کە بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی دونیای خوازەکی، دەبێ بەپەلە کار بۆ وەگەڕخستنی "ئینتێرنێتی میللی" بکرێت.