کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری ئیتلاعاتی ڕێژیم وتوویەتی ئێران ئەگەر ناچاربێت، خۆی بە چەکی ناوکی تەیار دەکات

17:43 - 21 رێبەندان 2720

''مەحموود عەلەوی'' وەزیری ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە شێوەیەکی ئاماژەگەرانە دانی بەوەدا ناوە کە ئێران لە ئەگەری ناچاربوون، خۆی بە چەکی ناوکی تەیار دەکات.

هەتا ئێستا بەرپرسانی باڵای ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەو شێوەیە لە ئەگەری خۆتەیارکردن بە چەکی ناوکی خۆیان بواردووە.

وەزیری ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران سەرەڕای دووپاتکردنەوەی ئەو ئیدعایە کە بەرنامەی ناوکی لە ڕاستای ئامانجێکی ئاشتیخوازانەیە وتووتەتی: "ڕێبەری ئێران لە فتوای خۆیدا وتوویەتی کە بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی دژی شەرعە و کۆماری ئیسلامی بە حەرامی دەزنێت، بەڵام ئەگەر پشیلەیەک لە کونجێکدا ڕابگری، ئەگەری هەیە هەڵسوکەوتێک بکات کە لەوانەیە پشیلەیەکی ئازاد ئەو هەڵسوکەوتە نەکات".

عەلەوەی وتوویەتی: ''ئەگەر ئێران بۆ ئەو ڕێگایە پاڵ پێوەنێن، خەتابار ئێران نییە و خەتای ئەو کەسانەیە کە ئێرانیان بۆ ئەو ئاراستەیە پاڵ پێوەناوە".

بە واتایەکی دیکە، وەزیری ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران وتوویەتی، لە ئەگەری ئەوەیکە ئێران بۆ لای هێزیکی ناوکی ڕابکێشن، فتوای ڕێبەری لەو بوارەدا هیچ هەڵوێستێک هەڵ ناگرێت.

هەروەها ناوبراو وتوویەتی: گەمارۆکانی ''ترامپ'' بۆ سەر ئێران گوشارێکی زۆری دروست کرد، بەڵام بۆ پیشەی ناوکیی ئێمە دەرفەت بوو و لە ڕەوتی توێژینەوە و گەشەدا دەسکەوتی زۆر گەورەمان بەدەست هێناوە کە دەبا تاقیکارییەکان بە کردەیی کرابان.

پێشتر ''عەلی ئەکبەر ساڵحی'' بەرپرسی ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران ئیدعای ئەوەی کردبوو کە ئێران هەموو ئیمکاناتی هێزی ناوکیی لەبەردەست دایە.

ڕۆژنامەی ''والستریت ژۆرناڵ'' ڕۆژی هەینی ١٧ی ڕێبەندان، لە زاری سێ دیپڵۆماتەوە بڵاوی کردبووە کە لێکۆڵەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی لە ڕەوتی پشکنینی دوو بنکەی ناوکیی ئێراندا، چەند بەڵگەیان بەدەست هێناوە کە دەرخەری ئەوەیە ڕێژیمی ئێران هەوڵی جیددی بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە چەکی ناوکی دەدات.

هەر لەو پێوەندییەدا چەند ڕۆژ لەمەوە بەر''ئانتۆنی بلینکێن''وەزیری دەرەوەی ئامریکا لە وتووێژ لەگەڵ کاناڵی ''ئێن بی سی'' وتوبووی، ئەگەر ڕێژیمی ئێران درێژە بە پێشێلکردنی بەڵێنییەکانی ڕێکەوتنی ناوکی بدات، بەم زووانە ئەگەری هەیە دەستی بە کەرەستەی پێویست بۆ دروستکردنی چەکی ناوکی ڕابگات.