کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری ئیتلاعاتی ڕێژیم: یەکێک لە ئەندامانی هێزە چەکدارەکان لە کوشتنی فەخریزادە ڕۆڵی سەرەکیی هەبووە

11:42 - 21 رێبەندان 2720

''مەحموود عەلەوی'' وەزیری ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی ڕێبەندان، لە کاناڵێکی هەواڵدەریی تێلێڤزیۆنیی سەر بە ڕێژیم باسی لەوە کرد: ''وەزارەتی ئیتلاعات پێنج ڕۆژ پێش لە کوژرانی ''فەخریزادە'' ڕایگەیاندبوو کە دوژمن لە هەوڵدایە لەو شوێنە عەمەلیات ئەنجام بدات''.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتوویەتی: ''ئەو کەسەی کە یەکەم ئامادەکارییەکانی بۆ کوشتنی فەخریزادە ئەنجام داوە، یەکێک لە ئەندامانی هێزە چەکدارەکانی ئێران بووە''.

''مۆحسێن فخریزادە'' بەرپرسی ڕێکخراوی لێکۆڵینەوە و داهێنەری وەزارەتی بەرگری و یەکێک لە بەرپرسانی بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران بوو کە ڕۆژی هەینی ٧ی سەرماوەز، لە "ئابسەرد"ی دەماوەند کوژرا.

''فەخریزادە'' لە بەرپرسانی باڵای سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بوو کە ناوی لە لیستی تەحریمەکانی شورای نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتبوو.

قسەکانی وەزیری ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران لە حاڵێکدایە کە دوای کوژرانی ''فەخریزادە''، میدیاکان و بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران هەر یەکە چۆنییەتی کوژرانی فەخریزادەیان بە شێوەی جۆراجۆر باس دەکرد و دەیانوت کە ناوبراو بە چەکی ئۆتۆماتیک کە لە ڕێگای دوورەوە کۆنترۆڵ دەکرێت، کراوەتە ئامانج.