کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەستا "کەریم ڕەشیدپووری"، کەسایەتیی خۆشناوی خەڵکی مەهاباد کۆچی دوایی کرد

12:17 - 28 بەفرانبار 2720

ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ ٢٤ به‌فرانبار، وه‌ستا "كه‌ریم ڕه‌شیدپووری"، كه‌سایه‌تیی نیشتمانپه‌روه‌ر و دڵسۆزی حیزب و گه‌ل، له‌ شاری مەهاباد ماڵاوایی لە ژیان کرد.

ناوبراو ساڵی ١٣٠٤ی هه‌تاوی له‌ گوندی "گۆزه‌گێرانـ"ـی نه‌غه‌ده‌ له‌دایک بووە و هه‌ر له‌ ته‌مه‌نی منداڵییەوە دایک و باوكی له‌ده‌ست داوە.

بۆ به‌رده‌وامیی ژیان ڕووی کردووەتە مه‌هاباد و به‌ هه‌وڵ و تێكۆشانی خۆی، مێعمارێكی كه‌م وێنه‌ی لێ دەرچووە.

وه‌ستا "كه‌ریم"، له‌ سه‌رده‌می كۆماری كوردستاندا، بووەتە ئۆگری حیزبی دێموکرات و هه‌ر ده‌م یارمه‌تیی مادی و مه‌عنه‌ویی حیزبی داوه‌.

دوای بزووتنه‌وه‌ی "مۆسه‌دیقـ"ـیش له‌ كاتی ڕەشبگریدا، بۆ ماوه‌یه‌ك له‌ شاری ته‌ورێز گیرساوەتەوە.

پاش شۆڕشی گه‌لانی ئێران دژ به‌ ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌ی په‌هله‌وی، له‌ ساڵی ١٣٥٩ی هه‌تاوی بووەتە ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ئه‌سناف و بازاڕیانی شاری مه‌هاباد.

وه‌ستا "كه‌ریم" له‌ ساڵی ١٣٧٤ هه‌تاوی، دوای ئه‌وه‌یکە له‌لایه‌ن خۆفرۆشێكه‌وه‌ ڕاپۆرتی لێده‌درێ كه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌س له‌ دۆست و هاوڕێیانی، وێڕای حه‌شاردان و ڕاگواستنی كادره‌كانی حیزب له‌ مهاباد، یارمه‌تیی ماڵیشی كۆ كردووه‌ته‌وه‌، له‌لایه‌ن ئیداره‌ی ئیتلاعاتی مەهاباد ده‌سبه‌سه‌ر و ڕەوانەی ژووری تاكه‌كه‌سیی زیندان کرا.

ناوبراو لە زینداندا بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگ ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ درا، سه‌ره‌نجام سه‌ربه‌رزانه‌ به‌ خۆڕاگری و بوێرانه‌، ئه‌شکە‌نجه‌کەرانی رێژیم ڕسوا کردووە و گیانی هاوڕێیانی پاراستووە.

وه‌ستا "كه‌ریم" تاكه‌ مێعمارێك بوو كه‌ خه‌ڵاتی مێعماریی سۆننه‌تیی، له‌لایه‌ن زانكۆی ئازادی مەهاباد وه‌رگرتووه‌ و مزگه‌وتی "حاجی ئه‌حمه‌د"ی مهاباد، ئاسه‌واری مێعماریی سۆننه‌تیی وه‌ستا "كه‌ریمـ"ـه‌ كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی جوان و خۆڕاگر دروستی كردووه‌.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.