کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەلانانی یاریزانی کورد لە تیمی تۆپیپێی ئێران لە جامی جیهانیدا

18:19 - 2 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: وەلانانی وریا غەفووری و بێدەنگیی فیدراسیۆنی تۆپیپێ لەو بارەوە، ناڕەزایەتی لێ کەوتەوە.

دوای بڵاوبوونەوەی لیستی یاریزانەکانی تیمی تۆپیپێی ئێران بۆ کێبڕکی جامی جیهانیی ٢٠١٨ لە وڵاتی ڕووسیەدا، نەبوونی ناوی وریا غەفووری یاریزانی کورد لەو لیستە، کۆمەڵگای وەرزشی کورد و خەڵکی ڕۆژهەڵات، لەسەر ئەو بڕیارە ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕیوە و لە نێو خەڵک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگدانەوەی زۆری هەبووە.

ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان لەو پەیوەندییەدا تا ئاستێک چووە، کە حامد جولای، بەڕێوەبەری گشتیی وەرزش و لاوانی پارێزگای سنە ناچار بووە بە دوای هۆکارەکانی وەلانانی وریا غەفووری هەتا مەجلیس بچێت، ئەو بەرپرسەی ڕێژیم لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەرییە نێوخۆیییەکان باسی لەوە کردووە، کە لەسەر وەلانانی وریا غەفووری لە تیمی ئێران، بەرپرسان و نوێنەرانی پارێزگای سنە بڕیاریان داوە کە بەدواداچوون لەسەر ئەو بڕیارە بکەن.

زۆربەی کارناسانی وەرزشی لە سەرتاسەری ئێراندا لەهەمبەر ئەو بڕیارە، ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕیوە و بە ناکارناسانەی دەزانن؛ لەو پەیوەندییەدا فیدراسیۆنی تۆپیپێی ڕێژیم هەتا ئێستە بێدەنگ بووە و هۆکاری ئەو بڕیارەیان بۆ خەلک ڕوون نەکردووەتەوە.

خەڵکی کوردستان ئەو بڕیارە بە سیاسی دەزانن، لەبەر ئەوەی کە وریا غەفووری یاریزانێکی کوردە و لە مێژووی وەرزشی خۆیدا سەرکەوتوو بووە و خەڵکی کوردستان شانازی پێوە دەکەن، یەکەمجار نییە کە ڕێژیمی ئیران لە سەر ڕێگای سەرکەوتنی وەرزشکارانی کورد ڕێگر دەبێت و ئەو بڕیارە فاشیستییانە وای کردووە، کە وەرزشوانانی کورد لە ئێراندا پێگەی تایبەت بە خۆیان نەبێت و ناوی کورد لە کۆمەڵگای وەرزشیی ئێراندا ڕەش بکرێتەوە.

وریا غەفووری لە ٢٩ی خەرمانانی ١٣٦٦ی هەتاوی لە شاری سنە لە دایک بووە، باوکی وریا خەڵکی شاری سنەیە و دایکی خەڵکی ئیلامە، ئەو یاریزانە کوردە، لە لیگ باشترینەکانی ئیراندا یاری دەکات و لە باشترین یاریزانەکانی تۆپیپێی ئێرانە.