کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاراستنی زمان، پاراستنی نیشتمانە

12:56 - 2 رەشەمه 2720

لە بەرەبەری ڕۆژی جیهانیی زمانی زگماگیدا کۆمیتەی هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە دێموکراتیکەکانی حیزبی دێموکرات و کۆمیتەی زاگرۆس ، سێمینارێکیان بەبۆنەی ئەو ڕۆژەوە لەژێر "ناوی پاراستنی زمان، پاراستنی نیشتمانـ"ـە ڕێک خست.

سەرەتای سێمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆحی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان هاوڕێ "ئێحسان ڕەستگار" هۆنراوەیەکی لەژێر ناوی "قەڵەم" بەبۆنەی ئەو ڕۆژەوە پێشکەش بە بەشداربووان کرد.

پەنێلی یەکەمی سێمینارەکە کە لەلایەن "ڕەسووڵ سوڵتانی" شاعیر و وەرگێڕەوە پێشکەش کرا، پەڕژابووە سەر "زمانی زگماگی و کاریگەرییەکانی لەسەر تاک و کۆمەڵگا".

ناوبراو لە بەشێک لە قسەکانیدا باسی لەسەر گرینگیی زمان بۆ دروستکردنی پەیوەندی و لە ئاکامدا پێکهاتنی پەروەردە کرد و هەروەها تەرکیزی خستە سەر پەیوەندیی هزر و زمان.

سوڵتانی لە باسەکەیدا وتی: "کاریگەریی زمان لەسەر هزر یان پێچەوانەکەی مشتومڕی زۆری لەسەر کراوە و هەتا ئێستاش بەردەوامە، بەڵام ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە ئەم دووە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر یەکتر هەیە. بە شێوازێک کە بەرهەمەکانی هزر بە زمان دەردەبڕدرێت و لە بەرانبەریشدا گوتارێک کە بە زمان بەیان دەکرێت دەتوانێت ببێتە بەرهەمهێنەری فکر.

ناوبراو بە وردی تیشکی خستە سەر سیاسەتەکانی داگیرکەران بۆ لەنێوبردنی زمانی کوردی.

پانێلی دووهەمی سێمینارەکە کە لەلایەن "سام ڕۆژدۆست" چالاکڤانی مافی مرۆڤ و ئەندامی کۆمەڵگای مەدەنییەوە پێشکەش کرا، تەرکیزی خستبووە سەر بابەتی "زمان لە چوارچێوەی خەباتێکی دێموکراتیکدا".

ناوبراو لە قسەکانیدا ئاماژەی بە بەربەستەکانی بەردەم پێکهێنانی زمانێکی ستانداردی کوردی کرد و هەروەها وتی کە دانانی ڕێنووسێکی یەکگرتوو و هاوبەش دەتوانێت ببێتە دەستپێکێک بۆ یەکڕیزیی زیاتر لە هەموو بوارەکاندا.

"ڕۆژدۆست" هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە زمانی کوردی بە شێوەی جیددی ئیهتمامی پێ نەدراوە و پێویست دەکات هەموو ناوەند و دەزگاکان گرینگیی زیاتر بە زاراوەکانی زمانی کوردی و بەگشتی سیستمی خوێندن و فێرکاری بە زمانی کوردی بدەن.

سێمینارەکە بە ڕاو و بۆچوونی ئامادەبوان و وڵامی هەرکام لە پێشکەشکارانی باسەکان کۆتایی پێهات.