ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٨ی خەرمانان هەیئەتێکی "پارتی سەوزی کوردستان" بە سەرپەرەستیی "هەڤاڵ ملکۆ بازیانی"، سەردانی دەزگای پێوەندییە گشتییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد و لەلایەن هەیئەتێکی دەزگای پێوەندییە گشتییەکان بە سەرپەرەستیی "محەممەدنەزیف قادری" پێشوازییان لێ کرا.
لە دانیشتنێکی دۆستانەدا "هەڤاڵ ملکۆ بازیانی" وتی: "ئامانج لە سەردانەکەمان بۆ بەرەوپێشبردنی پێوەندییەکان لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە و ئێمە پێمان وایە حیزبی دێموکرات خاوەنی مێژوویەکی پڕشنگدار و پڕ لە سەروەرییە و ڕێبەرانی ئەم حیزبە ڕەوایی خەبات و ئامانجەکانی گەلی کوردیان بە خوێنی خۆیان نەخشاندووە".
دوای وتەکانی "هەڤاڵ ملکۆ بازیانی"، بەرپرسی دەزگای پێوەندییە گشتییەکان "محەممەدنەزیف قادری" لەسەر سیاسەتەکانی حیزب، هەڵوێستەکان، ڕوانگەی نەتەوەیی دێموکراتیک و مافخوازانەی حیزبی دێموکرات قسەی کرد و لە قسەکانیدا وتی ئێمە شەرەفمەندین بە هاوخەباتی و هاوکاری لەگەڵ تێکۆشەران و نیشتمانپەروەرانی گەلەکەمان لە هەر چوار بەشی کوردستان.
دوای ئەو ڕا گۆڕینەوەیە لەسەر دۆخی ئێستای کوردستان، هەر دوو لایەن لەسەر پێوەندیی دۆستانەیان جەختیان کردەوە.